وتەبێژى حکومەت: هەر کۆمپانیایەک لە خاڵە سنورییەکان فەرمى نەبێت کارەکانى رادەگیرێت

KNN : Kurdish News Network
05:14 - 13/01/2021
کوردستان
+
-

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ دوای چەندین ساڵ هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای بودجە، دەشڵێت: سەرجەم وەزارەتەکان راسپێردراون بەمەبەستی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی داهات.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە (13/1/2021) ئەنجومەنی وەزیران لەسەر سێ بڕگەی سەرەکی کۆبوەوە و بەشێکی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە دەرئەنجامی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری سەبارەت بە پێشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2021).

وتیشی: دوای چەندین ساڵ هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای بودجە دەخاتەڕو؛ ئەوەش بەمەبەستی ئاشکراکردنی داهات و خەرجییەکانی حکومەت و بەدیهێنانی شەفافییەت و رێکخستنەوەی خەرجییەکان.

وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاشکرایکرد، لەسەر داوای سەرۆکی حکومەت سەرجەم وەزارەتەکان راسپێردراون لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بەمەبەستی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات.

جوتیار عادل جەختی کردەوە، حکومەت پلان و بەرنامەی هەیە چیتر موچە نەبێتە هەواڵی بەپەلە، بەڵکو لە رێگەی رێکخستنەوەی داهاتەکان و گەڕاندنەوەى داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی کێشەی موچە چارەسەر بکرێت.

وتەبێژی حکومەت نەیشاردەوە، کە قاچاخچێتی لە خاڵە سنورییەکان هەیە و وتی: "بێگومان قاچاخچێتی لە خاڵە سنورییەکان هەیە، بۆیە کاری لەسەر دەکەین و کاریگەری لەسەر داهاتیش هەبووە".

لەبارەی هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی داهات و کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی خاڵە سنورییەکان، جوتیار عادل ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوی باش نراوە بۆ رێکخستنەوەی گرێبەستى کۆمپانیاکانی خاڵە سنورییەکان و سەپاندنی باج، چەندین کۆمپانیاش لەوێ کار دەکەن و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت نیە و کۆتایی بە کارەکانیان دەهێنرێت و چیتر مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.

1041 جار خوێندراوەتەوە