سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆبونەوە و بەپێی راگەیەنراوی کۆبونەوەکەش، جەختدەکەنەوە
لە چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم و رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،
مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
و دادوەر فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبونەوە و لەبارەی دواین
گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵاتدا و دۆسیەیی
هەڵبژاردنەکانی داهاتو گفتوگۆیانکرد.
لەراگەیەنراوی
کۆبونەوەکەدا هاتوە، جەختدەکەنەوە لەپێویستی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و
بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی هاوڵاتیان لە لێکەوتە ئابورییەکان و
چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، لەو پێناوەشدا پێویست دەکات
هەولێر و بەغدا بگەن بەرێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکان.
تەوەرێکی دیکەی
کۆبونەوەکە, سەبارەت بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی
2021 بوو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەجۆرێک مافی ھەمو هاوڵاتیانی عێراق بپارێزێت بێ
جیاوازی، ھەروەھا رێگری بکات لە لێکەوتەکانی دۆخی دارایی لەسەر بارودۆخی ئابوری
وڵات کە ھاتوەتە ئاراوە، بە تایبەتی پاراستنی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان کە
سەرچاوەی داهاتیان سنوردارە، جەختیشکرایەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لە
نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە
هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم موچەخۆران دور لە ململانێ
سیاسییەکان.
754 جار خوێندراوەتەوە