ئایا 2020 خراپترین ساڵی مێژووە؟ بزانە لەساڵانی تردا چی ڕوویداوە

KNN : Kurdish News Network
09:12 - 31/12/2020
ڕاپۆرت
+
-

زۆری ڕووداوە ناخۆشەكان لە ساڵی 2020 وایكرد زۆر كەس بە خراپترین ساڵ لە مێژوودا ناوی ببەن، بێگومان ساڵێكی خراپبوو، بەوپێیەی ساڵی ڤایرۆسی كۆرۆنابوو، ساڵی كەرەنتینە و خراپی دۆخی ئابوریبوو، بەجۆرێك لەدوای بێ بازاڕییە مەزنەكەی ساڵی 1929، ئابوری جیهان خراپترین دۆخی هەبووە.

ساڵی 2020 جگە لە نەخۆشی كۆڤید 19، چەند ڕووداوێكی دیكەی گەورە و ناخۆشی تێدابوو، لەوانە ئاگری دارستانەكانی ئوستورالیا كە بەهۆیەوە زیاتر لە (186) هەزار كیلۆمەتر ڕووبەری سەوزایی و دارستان سوتان، كە دەكاتە ڕوبەڕی وڵاتاكی گەورەی وەك سوریا، هەروەها تەقینەوەكەی بەیروت كە بە گەورەترین تەقینەوەی نائەتۆمی لە مێژوودا دادەنرێت.

 


لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا ئایا دەتوانرێت بوترێت 2020 خراپترین ساڵی مێژووە؟

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێك و (800)هەزار كەسی كوشتووە، هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ ڕوبەڕوبوەوەی گیرانەبەر كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی خەڵكی هەبوو، بەتایبەت كاریگەری دەرونی بەهۆی كەرەنتینەوە هەروەها خراپی دۆخی ئابوری بەهۆی وەستانی كار و بازاڕەوە.

ساڵی 536: تاریكی و برسێتی و نەخۆشی

مایكڵ ماكۆرمیك شارەزا مێژوو و لەچاخەكانی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بەگۆڤاری ئەنتیكویتی ڕاگەیاندووە، ساڵی( 536) ئەگەر خراپترین ساڵی مێژوو نەبێت، ئەوا یەكێكە لە ساڵە زۆر خراپەكان.
لەو ساڵەدا تەمێكی تاریك ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای داپۆشیوە و(18) مانگی خایندووە و شەو و ڕۆژ بەردەوان بووە، ئەوەش بۆتە هۆی نزمكرنەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی بەڕێژەی( 1.5) بۆ( 2.5) پلە، ئەوەش بە ساردترین دادەنرێت لەماوەی (2300) ساڵی زەویدا.
لەگەڵ ئەو تاریكییەدا برسێتی بڵاوبۆتەوە، چونكە ڕووەكەكان بەهۆی نەبونی تیشكی خۆرەوە گەشیان نەكردووە، هەروەها لە چین لە وەرزی هاویندا بەفر باریوەوە و هەموو كیڵگە كشتوكاڵییەكانی لەناوبردووە، ئەوەش بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی برسێتی و نەخۆشی بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی مردون.
سەبارەت بەهۆكاری ئەو تەمە ڕەشە دەركەوتووە، چالاكییەكی بەهێزی بوركانی لە ئایسلەندا هۆكاربووە، لەساڵانی  (540) بۆ (547)بەهەمان شێوەی چالاكی دوو بوركانی دیكە بۆتە هۆی تاریكردنی زەوی، بۆیە زۆرێك لە مێژوونوسان ئەو سەردەمە بە چاخی تاریك ناودەبەن.

ساڵی 541: تاعونی جستنیان

دەرنەكەوتنی تیشكی خۆر ئەو سەرمایەی بەهۆی ساڵانی تەمی ڕەشەوە زەوی گرتەوە، نەخۆشییەكی زۆری بڵاوكردەوەبە تایبەت لە ساڵی( 541) جۆرێكی تاعون بەناوی تاعونی جستنیان بڵاوبۆوە، بەپێی ئامارەكان (25)بۆ(100)  ملیۆن كەس لەماوەی دوو سەدەدا بەهۆیەوە مردوون.
هەر لەو ساڵانەدا دۆخی ئابوری بەڕادەیەك خراپبووە، تا ساڵی(640) ئاسایی نەبۆتەوە.

534 جار خوێندراوەتەوە