ڤاکسینە هاوبەشەکەى کۆمپانیاى ڤایزەر و یبۆنتیک چاوەڕوانى مۆڵەتى ئەمەریکایە

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 20/11/2020
جیهان

کۆمپانیاکانى ڤایزەرى ئەمەریکى و بیۆنتیکى ئەڵمانى رێوشوێنە یاساییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانى ڤاکسینە هاوبەشەکەیان گرتوەتەبەر، ئەوەش دواى ئەوەى سەرجەم قۆناغەکانى تاقیکردنەوەى ئەو ڤاکسینە بە سەرکەوتویى کۆتایى هات.

بەپێى هەواڵێکى کەناڵى سکاى نیوز، دواى سەرکەوتنى تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکەیان کۆمپانیاکانى ڤایزەرى ئەمەریکى و بۆینتیکى ئەڵمانى داوایەکیان ئاراستەى ئیدارەى خۆراک و دەرمانى ئەمەریکا کردوە، بۆ ئەوەى رەزامەندى بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنى ڤاکسینە هاوبەشەکەیان وەربگرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە رۆژانى رابردوودا هەردوو کۆمپانیاکە سەرکەوتنى ڤاکسینە هاوبەشەکەیان راگەیاند و ئاشکرایانکرد، دواى تاقیکردنەوەکانى قۆناغى سێیەم، دەرکەوتوە رێژەى کاریگەرى ڤاکسینەکەیان (95%)ە.

هەرسەبارەت بە بەهەمهێنان و دابەشکردنى ڤاکسینى کۆرۆنا، ئەرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکى کۆمسیۆنى ئەوروپا رایگەیاند، پێدەچێت بەر لەکۆتایى هاتنى مانگى داهاتوو، یەکێتى ئەوروپا مۆڵەتى بەکارهێنانى ڤاکسینە هاوبەشەکەى کۆمپانیاى ڤایزرە وبۆنتیک و ڤاکسینەکەى کۆمپانیاى مۆدێرناش بدات.

236 جار خوێندراوەتەوە