بەشێک لە توشبوانى کۆرۆنا دواى سێ مانگ توشى ئەم حاڵەتە دەبن

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 13/11/2020
تەندروستی
+
-

چەند پسپۆڕێكی دەرونی رایدەگەیەنن، ئەو كەسانەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕزگاریان دەبێت، ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی و كێشە دەرونییەكان زیاتر دەبێت، ئەمەش لەڕێی توێژینەوەیەكی پزیشكییەوە سەلمێنراوە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە كە لەسەر چەند كەسێكی توشبوو بە نەخۆشی كۆڤید 19 ئەنجامدراوە، دەركەوتووە (20%)یان دوای چاكبونەوەیان و لەماوەی (90) رۆژدا روبەڕوی چەند گرفت و كێشەیەكی دەرونی بونەتەوە.

دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و كەمخەوی، بڵاوترین ئەو حاڵەتانە بوون كە لای ئەو كەسانە تۆماركراون، تەنانەت هەست بەوەش كراوە بەشێكی مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەداهاتوودا توشی خەڵەفان ببن.

پۆڵ هاریسۆن مامۆستا و پزیشكی دەرونی لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیا دەڵێت: "زۆر كەس گومانی ئەوەیان دەكرد رزگاربووانی كۆرۆنا توشی نەخۆشییە دەرونییەكان ببن، ئەنجامەكان ئەوەیان بۆ دەرخستن كە ئەوە حاڵەتێكی چاوەڕوانكراوە".

هاریسۆن باسی لەوەش كردووە پزیشكان و زانایان لەتەواوی وڵاتانی جیهان، پێویستییەكی زۆریان بەوەیە بزانن هۆكاری توشبوون بەو حاڵەتە دەرونییانە چییە، هەروەها چارەسەری كێشە دەرونییەكانی دوای كۆرۆنا چی دەبن.

ئەو پسپۆڕە بەپێویستی دەزانێت ئامێر و داهێنراوە پزییشكییەكان ئامادەبن بۆ ئەوەی باشترین چارەسەر و چاودێری پێشكەش بكەن، ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە ئەو ژمارە و گریمانانەی توێژینەوەكە لەبارەی حاڵەتە دەرونییەكان خستوێتییەڕوو لە ژمارە راستەقینەكان زیاترە.

ئەنجامی توێژینەوەكە لە گۆڤاری وەرزی لانسێت پزیشكی بڵاوكراوەتەوە، پسپۆڕەكان چاودێری لیستی (69) ملیۆن كەسی ئەمریكیان كردووە كە (62) هەزاریان توشی كۆرۆنا بوون و چاكبونەتەوە.

بەپێی ئەنجامەكان لەماوەی سێ مانگدا دوای چاكبونەوەی ئەو كەسانە لە ڤایرۆسەكە، كەسێك لە كۆی پێنج كەس توشی یەكێك لە حاڵەتەكانی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و كەمخەوی بووە.

كۆمەڵَێك پسپۆڕی دەرونی دیكە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری توێژینەوەكەیان نەكردووە ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو ئەنجامانە دەریدەخەن ڤایرۆسەكە دەتوانێت كار لە مێشك و توانای عەقڵی بكات بۆیە ئەو كەسانە روبەڕوی ئەو گرفتە دەرونیانە بونەتەوە.

مایكڵ بلۆمفیڵد راوێژكاری پزیشكی دەرونی لە كۆلێژی پزیشکى زانکۆى لەندەن دەڵێت: "پێشبینی دەكرێت ئەو حاڵەتانە پەیوەندی بە كۆمەڵێك فشاری دەرونییەوە هەبێت كە گرێدراون بە ڤایرۆسەكە، بەدیاریكراویش كاریگەرییە جەستەییەكانی نەخۆشییەكە لەسەر كەسی توشبوو".

16351 جار خوێندراوەتەوە