لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی جیهان بەگشتی و بەتایبەت
تر ئەمەریكا توشی قەیرانێكی قورسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونەتەوە، بەشێوەیەک ئەمەریكا
لە جەنگى کۆرۆنادا زۆرترین قوربانیداوە و لە رێژەى توشبون و گیانلەدەستدان بە
ڤایرۆسەکە پلەى یەکەمى گرتوە و هەروەها بە ملیۆنان ئەمەریكی بێكار بوون و بە سەدان
كۆمپانیا ئیفلاس بوونی خۆیان راگەیاندوە و ئابوریەكەی بە قۆناغێكی سەختدا
تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمەریکییەکان هەموو ئەو بەربەستانەیان شكاندوەو لە پێناو داهاتویەكی
روونتر بۆ نەوەكانیان و سەرەور بوونی یاسا لە ئێستادا بەرەو ناوەندەكانی دەنگدان دەچن
بۆ ئەوەی سەرۆك و كۆنگرێس و چەند پۆستێكی ئیداری و دادوەری بۆ وڵاتەكەیان هەڵبژێرن.
(150) ملیۆن ئەمەریکى
ناوى خۆیان تۆمارکردوە بۆ دەنگدان
ئەوەی جێگای سەرسورمان و پرسیاركردنە لە نێوان
ئەو هەموو قەیرانانەدا و لەنێو مەترسییەکانى کۆرۆنا و كەرەنتینەدا ئەمەریكییەكان بەگروتینەوە
روو لە ناوەندەكانی دەنگدان دەكەن، بەشێوەک تاوەكو ئێستا ئێستا نزیكەی (150) ملیۆن
كەس ناوی خۆیان تۆمار كردوە بۆ دەنگدان كە دەكاتە لە رێژەى (65%) و ئەو رێژەیەش بە
بەراورد بەهەڵبژاردنی (2016) یەكجار بەرزە.
(66) ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنى پێشوەختە دەنگی
داوە
نزیكەی (7) رۆژ ماوە بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی،
بەڵام لە كۆی ئەو (43) ویلایەتەی كە كار بەیاسای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن سەرووی
(66) ملیۆن دەنگدەر دەنگی داوە، جا بە رێگای بەرید بێت یان چون بۆ بنكەكانی دەنگدان، ئەو
رێژەیەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشو یەكجار زیاترە، چونکە لە هەڵبژاردنى (2016)
نزیكەی (40) ملیۆن كەس لە دەنگدانى پێشوەختەدا دەنگیان دابوو، واتا هەتا ئێستا نزیكەی
(26) بیست و شەش ملیۆن كەس زیاتر دەنگی داوە.
پێشبینى دەکرێت (80) ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنى
پێشوەختە دەنگ بدات
بەپێى پێشبینى شارەزایان و چاودێران و
ناوەندەکانى لێکۆڵینەوە تا رۆژی هەڵبژاردنى گشتى كە لە(3/11/2020) بەڕێوە دەچێت، رێژەكە
بەرز دەبێتەوە بۆ سەروی (80)هەشتا ملیۆن كەس، بەوەش ئەم هەڵبژاردنە ریكۆردێكی مێژووی
تۆمارد دەكات لە سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەمریكا كە لە سالی (1908)ەوە لە مێژوی
هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا دەنگدان بەو رێژەیە نەبووە.
بۆچى سەرکەوتنى بایدن نزیکترە؟
پارتی كۆماریەكان و بەتایبەت تر كاندیدەكەیان
(دۆناڵد ترەمپ) تەواو مەترسی لە دەستدانی سەرۆكی ئەمەریكایان لێنیشتوەو هەر بۆیەش
دوێنێ ترەمپ (12) پارێزەری ئامادە كردوە بۆ تانە دان لە هەڵبژاردنەكان، ئەوەش دەریدەخات
كە پارتی دیموكراتەكان و كاندیدەكەیان (جۆ بایدین) لە سەركەوتن نزیك بوەتەوە،
چونکە هەمیشە لە دەنگدانی پێشوەختەدا دیموكراتەكان براوە بون، بەپێچەوانەشەوە پارتی
كۆمارییەكان هەمیشە دەنگدەرانیان لە رۆژی هەڵبژاردن روو دەكەنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
بۆیە، تا رێژەى
بەشدارى ئەمەریکییەکان لە هەڵبژاردنى پیشوەختەدا بەرز ببێتەوە، سەرکەوتنى بایدن
نزیک دەبێتەوە.
وابریارە رۆژى (3ی تشرینی دووەم)ى ئەمساڵ ئەمەریکییەکان
بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و (46)ەمین، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا
هەڵببژێرن و رکابەرییەکەش لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆبایدنە.
ئامادەکردنى/ کاروان فارس، ئەمەریکا
2207 جار خوێندراوەتەوە