پۆلیسى سلێمانى رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان
لە روداوى هەوڵدان بۆ خۆکوشتنى پیاوێکى تەمەن (65) ساڵ، نامەیەکى دەستنوسى ئەو
کەسەیان دەست کەوتوە و "رووداوەکە هەوڵدانێکى تەواوەتیى بووە بۆ خۆکوشتن".
دوێنێ هەینى (23/10/2020) پۆلیسى سلێمانى رایگەیاند، لە
روداوێکدا پیاوێکى تەمەن (65) ساڵ لە ناو بیناى پزیشکى دادى سلێمانى، هەوڵى
خۆکوشتنیداوە.
بە وتەى پۆلیس، روداوەکە بەجۆرێک بوو؛ پیاوەکە لە نزیک
بیناى پزیشکى دادى سلێمانى بوە و داواى لە پاسەوانەکان کردوە کە رێگەى بدەن بچێتە
دەست شۆرى بیناکە، دواى کەمێک دەنگى کەوتنى ئەو پیاوە دێت و پاسەوانەکەش کە لە
نزیک شوێنەکە بووە، هەوڵى کردنەوەى دەرگاى دەست شۆرەکە دەدات و دەیشکێنێت، پاش
چونە ژورەوە دەبینێت پیاوەکە لە رێگەى لێدانى چەقۆ لە جەستەى خۆى هەوڵى خۆکوشتنیداوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە دیجیتاڵ
میدیاى (KNN)ى
راگەیاند، دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتوە هاوڵاتیەکە پێش ئەنجامدانى رووداوەکە
پێشوەختە نامەیەکى دەست نوسى لەگیرفاندا بووە.
لەبارەى ناوەڕۆکى نامەکەوە وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى
رایگەیاند، هۆکارى خۆکوشتنەکەى تێدا ئاشکرا کراوە.
دیجیتاڵ میدیاى (KNN) وەک پرەنسیپێک و پابەندبوون بە بەهاکانى کارى رۆژنامەوانیەوە،
ناوەڕۆکى نامەکە بە پارێزراوى لاى خۆى دەهێڵێتەوە و بڵاوی ناکاتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد لە درێژەى لێدوانەکەیدا بۆ (KNN) وتیشى؛ هاوڵاتیەکە خانەنشینە
و پێش روداوەکە چەپکە گوڵێکى پێبوە.
راشیگەیاند، لە ئێستادا بارى تەندروستى جێگیرە و لە
یەکێک لە نەخۆشخانەکانى سلێمانیدا لە ژێر چاودێرى پزیشکیدایە.
سلێمانى / بڕیار نامیق
4747 جار خوێندراوەتەوە