ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران: بڕینى موچەى فەرمانبەران هێڵى سورە

12:35 - 17/10/2020
عێراق

ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بڕینى موچەى فەرمانبەران بە هێڵى سور ناودەبەن و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: بە هیچ بڕیارێکى لەو شێوەیەى حکومەت رازى نابین.

تەعمە لهێبی ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە بەرنامەی چاکسازیی حکومەتدا هاتووە لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەران رەتدەکرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک رازی نابین موچەی فەرمانبەرانی مامناوەند ببڕدرێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەت پەناببات بۆ کەمکردنەوەی موچەی پلە تایبەتەکان و بڕینی موچەی ئەوانەی دوو موچەیان هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق گفتوگۆ لەسەر یاسای نوێی خزمەتی مەدەنی دەکات، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنى نوێنەران دەڵێت: بەپێى یاسا نوێیەکە جیاوازی هەیە لە موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی دیکە، ئەو جیاوازییەش دەبێت بە یاسا چارەسەر بکرێت، نەک بڕیاری حکومی.

ئەوەش دەخاتەڕو، کە حکومەت لەڕوی دەستورییەوە مافی نییە بەشێک لە موچەی فەرمانبەران ببڕێت و ئەم بابەتە لە ساڵانی رابردودا لەلایەن دادگاوە رەتکراوەتەوە.

766 جار خوێندراوەتەوە