ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، ئەو پزیشك و
كارمەندانەی لە بەشی چاودێری وردی توشبوانی كۆرۆنا كاردەكەن، كەمتر توشی ڤایرۆسەكە
دەبن بەراورد بە كارمەندانی دیكە، هەرچەندە مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەن كە دۆخیان
مەترسیدارە.
توێژینەوەكە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و گۆڤاری سۆراكسی
پزیشكی بڵاویكردۆتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، ئەوانەی لە بەشی چاودێرى
ورد كاردەكەن زیاتر خۆپارێزیی دەكەن بەتایبەت لەڕووی بەستنی دەمامكەوە.
ئەلێكس ڕیچەر مامۆستای زانستی نەخۆشییە گواستراوەكان لە
زانكۆی بێرمنگهام كە سەرپەرشتی توێژینەوەكەی كردوە دەڵێت: "وامان دانابوو ئەوانەی
لەبەشی چاودێری ورد كاردەكەن مەترسی زیاتریان لەسەربێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوان
بەراورد بە كارمەندەكانی دیكە پارێزراوترن".
توێژینەوەكە لەسەر (500) كارمەندی نەخۆشخانەكانی بێرمنگهام
ئەنجامدراوە، سەرجەمیان لە كۆتایی مانگی نیسان لەكاردابوون كە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەكە
لە بەریتانیا زیادی كرد بە ڕێژەیەك لە كاتژمێرێكدا چارەسەری پێنج نەخۆش دەكرا، هەمووشیان
ئەو پشكنینەیان بۆ كرا كە ئایا پێشتر توشی ڤایرۆسەكە بوون یاخود نا.
بەپێی ئەنجامەكان (24%)ى ئەو كەسانە ئەو دژە تەنانە لە جەستەیاندابووە
كە ئاماژەیە بۆ توشبووانیان بە كۆرۆنا، بەڵام ڕێژەكە بەپێی بەشی كاركردنی كارمەندەكان
جیاواز بووە.
ئەنجامەكان دەریانخستووە (15%)ى توشبووەكان لە بەشی چاودێری
ورد كاریان كردووە، لە بەرامبەردا (30%) كارمەندی خزمەتگوزاری گشتی توشبوون، هەروەها
ڕێژەی توشبوونی كارمەندانی صیانە و چاكکردنەوە (34.5%) بووە.
تیم كۆك پسپۆڕی بێهۆشكار لە زانكۆی بریستۆڵ ئاشكرای دەكات،
لەگەڵ ئەوەی پزیشك و كارمەندانی بەشی چاودێری ورد زیاتر پابەندی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانن،
هاوكات ئەو نەخۆشخانەی دۆخیان مەترسیدارە و لەو بەشەن كەمتر ڤایرۆسەكە دەگوازنەوە
بەراورد بەوانەی تازە توشدەبن.
1818 جار خوێندراوەتەوە