دانیشتوانی گوندی نەمیریە
لە باشوری لوبنان توشی شۆك و سەرسوڕمان دەبن، كاتێك لە مزگەوتی گوندەكەیانەوە گوێیان
لە گۆرانییەكی نەوال زوغبی دەبێت، بەڕێوەبەرانی مزگەوتەكەش رونكردنەوە لەو بارەیەوە
دەدەن.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆی
كە تەواوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لوبنانی تەنیوە، لە بڵندگۆی مزگەوتی گوندی نەمیریەوە،
گۆرانی (مش خایفە من غیابك)ی ئەستێرەی لوبنانی نەوال زوغبی لێدەدرێت كە ساڵی رابردوو
بڵاویكردۆتەوە، چەند كەسێكیش لەوانەی ماڵیان نزیكی مزگەوتەكە بووە و گوێیان لە گۆرانییەكە
بووە، ڤیدیۆیان كردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاویانكردۆتەوە.
ئەو گوندە دانیشتوانەكەی
شیعە مەزهەبن و لەڕووی سیاسیەوە حزبوڵای لوبنانی و بزوتنەوەی ئەمەل تێیدا باڵادەستن،
بۆیە زۆرجار مزگەوت و شوێنە گشتییەكان لەلایەن ئەو حزبانەوە بۆ پەخشكردنی وتار و
بانگەشەی سیاسی بەكاردەهێنرێت، ئەو رووداوەش هەر بەو هۆكارەوە دروستبووە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەستەی
كارگێڕی مزگەوتەكە بڕیار دەدەن لەڕێی ڕادیۆوە وتارێكی نەبیە بڕی سەرۆكی پەرلەمانی
لوبنان كە لەهەمان كاتدا سەرۆكی بزوتنەوەی
ئەمەلە پەخش بكەن، كە تایبەت بووە بە یادی ونبونی ئیمام سەید موسا لە لیبیا كە یەكێكە
لە كەسایەتییە دیارەكانی شیعەكان.
ساڵانە لە یادی ونبونی
ئەو ئیمامەدا مەراسیمی گەورە سازدەكرا و سەركردەی حزبە شیعییەكان و جەماوەرێكی زۆر
بەشدارییان تیێدا دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە بڕیاردرا تەنها
چەند وتارێك لەوبارەیەوە پێشكەش بكرێن.
یەكێك لە كارمەندانی
مزگەوتەكە بەناوی عەبدوڵا بەدیر كاتێك بەدوای فریكوێنسی رادیۆی بزوتنەوەی ئەمەلدا
گەڕاوە هەڵەی كردووە و پەخشەكەی خستۆتە سەر رادیۆیەكی دیكە كە لەو كاتەدا بەهەمان
شێوە وتارەكەی سەرۆكی پەرلەمانی پەخشكردووە.
ئەو كارمەندە پێیوابووە
وتارەكە درێژە دەكێشێت بۆیە چۆتە بازاڕ بۆ كڕینی خۆراك و پێداویستییەكانی ماڵەوە و
پەخشی رادیۆكەشی لەسەر بڵندگۆی مزگەوتەكە جێهێشتووە، بەڵام دوای كەمێك لە ڕۆیشتنی،
وتارەكە تەواو بووە و رادیۆكەش دەستیكردۆتەوە بە پەخشی ئاسایی خۆی و یەكەم بەرهەمیش
ئەو گۆرانییەی زوغبی بووە كە لێدراوە.
2776 جار خوێندراوەتەوە