ڕۆژ لەدوای ڕۆژی زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكرێت، پسپۆڕەكانیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ زانینی هەر بابەتێكی نوێ لەسەر ئەو نەخۆشییە كە لەدوای بڵاوبونەوەی لە كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا كەسانێكی زۆری كردۆتە قوربانی.
پزیشكێكی ناسراوی بواری نەخۆشییە گواستراوەكان، باس لە بڵاوبونەوەی شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا دەكات لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای باكور و بەشێكی ئاسیا، كە كەسانێكی زۆر توش دەكات، بەڵام ژمارەیەكی كەم بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدەن.
پۆل تامبیا ڕاوێژكار لە نەخۆشخانەی سەنگافورەی نیشتمانی و سەرۆكی ناوەندی نێودەوڵەتی نەخۆشییە گواستراوەكان ئاشكرای دەكات، گەردێكی نوێی كۆرۆنا لە جۆرۆی (D614G) لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاودەبێتەوە، بەڵام دابەزینێكی بەرچاو لە ژمارەی مردوواندا بەدی دەكرێت.
ئەو پسپۆڕە بە ڕۆیتەرزی وتووە: "شەپۆلە نوێیەكە مەترسی كەمترە، ئەوەش ئاماژەیەكی باشە بۆ ئەوەی ڤایرۆسێك هەیە كە زۆر بڵاودەبێتەوە، بەڵام قوربانییەكی كەمی لێدەكەوێتەوە".
سەرۆكی ناوەندی نێودەوڵەتی نەخۆشییە گواستراوەكان باسی لەوە كردووە، مردنی كەسەكە لە بەرژەوندی ڤایرۆسەكە نییە، چونكە ئەو پێویستە لەسەر جەستەی ئەو كەسە خواردن و شوێنی مانەوەی دەست بكەوێت، بە مردنیشی ئەو شتەی لەدەست دەردەچێت.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر نور هاشم عەبدوڵا بەڕێوبەڕی لقی مالیزیای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بە دۆزینەوەی گەردێكی نوێی كۆرۆنا كرد كە زۆر لە ڤایرۆسە بنەڕەتییەكە بەهێزترە، بەجۆرێك دەتوانێت دە هێندە كەسی زیاتر توش بكات، ئەو چارەسەرانەش كە ئێستا هەوڵی دروستكردنیان دەدرێت ناتوانن لەناوی بەرن.
دكتۆر پۆل تامبیا و ماوریر سترۆس كە پزیشكێكی پسپۆڕە لەوبارەیەوە دەڵێن: "ئەو گەردە نوێیە ناتوانێت ڤایرۆسەكە بە جۆرێك بگۆڕێت كە چارەسەرەكان نەتوانن لەناوی بەرن، تائێستاش بەو شێوەیە بڵاونەبۆتەوە كە مەترسی دروست بكات".
5978 جار خوێندراوەتەوە