حەسەن نەسروڵا لەسەر تەقینەوە گەورەکەى بەیروت قسەى کرد

KNN : Kurdish News Network
06:31 - 07/08/2020
جیهان
+
-

حەسەن نەسروڵا ئەمیندانى حزبوڵاى لوبنانى رەتیکردەوە حزبەکەى هیچ پەیوەندییەکى بە بەندەرى بەیروتەوە هەبێت و داواى لێکۆڵینەوەى لە هۆکارى تەقینەوەکە کرد.

 

حەسەن نەسروڵا، وتارێکى لەبارەى تەقینەوەکەى بەیروتەوە پێشکەش کرد و وتى: نە لە رابردوو و نە لە ئێستا ئەوان هیچ چەک و تەقەمەنییەکیان لە بەندەرەکە نەبووە و نییە.

جەختیکردەوە وەکو حزبوڵا، نە کۆگا، نە نیتراتی ئەمۆنیۆم و نە مووشەکیان لە بەندەرى بەیروت نەبووە.

نەسروڵا ئاماژەى بەوەشکرد لە بارەى بەندەرى حەیفاوە زۆر دەزانن تا بەندەرى بەیروت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ میدیاکانى ئەمریک کە بڵاویانکردبوەوە، بەندەری بەیروت لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادایە.

ئەمیندارى حزبوڵا، داواى لێکۆڵینەوەیەکى شەفاف و بێلایەنانەى کرد لە تەقینەوەکە و وتى: هیچ کەسێک بە تەواوەتى نازانێت هۆکارى تەقینەوەکە چى بووە.

نەسروڵا، هاوسۆزى وڵاتانیشى بە دەرفەتێکى بۆ لوبنان زانى، کە بە دۆخێک سەختى ئابووریدا تێدەپەڕێت.


1337 جار خوێندراوەتەوە