بەڵگەى تێوەگلانى تورکیا و قەتەر لە یارمەتیدانى داعش ئاشکرادەبن

03:24 - 31/07/2020
جیهان

چەند بەڵگەنامەیەک کەلەلایەن پێگەى "نوردیک مونیتور" بڵاوکراونەتەوە، بەشێک لە ناکۆکى نێوان ئەفسەرانى دەزگا ئەمنیەکانى تورکیاى ئاشکراکردوە، بەتایبەت لە ریزى ئەفسەرانى هەواڵگریدا.

بەپێى ماڵپەرەکە بێت کە بارەگاکەى لە سویدە، قەتەریش تێوەگلاوە لە یارمەتیدانى گروپە توندڕەوەکان و لەڕێگەى تورکیاوە هاوکارى کردون، هاوکات باس لەوەشکراوە بازرگانى نەوتى نێوان تورکیا و داعش کراوە.

بەڵگەکەکان پشتیان بە دانپێدانانى عەقید فرات ئالاکوش بەستوە کە لە بەشى هەواڵگرى هێزە تایبەتەکانى تورکیادا کاریکردوە و لەبەردەم دادوەردا وتەى لێوەرگیراوە.

 

ئالاکوش ٢٠ى مارسى ٢٠١٩ لە دادگاى تاوانەکانى ئەنقەرە ئامادەبووە و وتویەتى زکاى ئاکساکالى سەرۆکى فەرماندەیى هێزە تایبەتەکان لەو کاتەدا فەرمانى بە تیرۆرکردنى عەمید سەمیح تەرزى کردوە، لەبەرئەوەى ئەوەى ئاشکراکردوە کە ئاکساکالى بەشێوەى نهێنى لەگەڵ دەزگاى هەواڵگرى تورکیا کاریکردووە لە بەڕێوەبردنى چەند ئۆپەراسیۆنێکى نایاسایى و نهێنى لە سوریا، ئەوەش بە ئامانجى بەدەستهێنانى دەستکەوتى کەسیى.

ئالاکوش لە دانپێدانانەکانیدا باسیلەوەکردوە، عەمید تەرزى بڕى ئەو هاوکارییەى زانیوە کە قەتەر رادەستى تورکیاى کردوە بۆ کڕینى چەک و پێداویستى سەربازى بۆ گروپە چەکدارەکانى سوریا، بەتایبەت داعش و هاوکارییەکانیش گەیەنراونەتە گروپەکان.


ئالاکوش لە دانپێدانانەکانیدا ئاشکرایکردووە، جگە لە قەتەر چەندین وڵاتى تر هاوکاری گروپە چەکدارەکانیان کردووە لە ژێر پاساوى هاوکارى ئۆپۆزسیۆنى چەکدارى سوریا.

بەپێى ماڵپەرەکە، عەمید تەرزى سەرجەم کارەکانى هەواڵگرى تورکیا زانیوە و ناوى ئەو کەسانەشى زانیوە کە لەناو حکومەتى تورکیادان و بازرگانى نەوتیان لەگەڵ داعش کردووە.

ئالاکوش سەرۆکى نوسینگەى هەواڵگرى بووە لە هێزە تایبەتەکان لەنێوان ساڵانى ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ و دواتر ئەرکى سەرپەرشتى لیژنەى بەرەنگاربونەوەى داعشى لە سوریا پێسپێردراوە و شەش مانگ کاریکردووە.

بەپێى دانپێدانانەکانى ئالاکوش بێت، دەستەى ئەرکانى گشتى تورکیا، عەمید تەرزى راسپاردوە لە مەلەفى سوریادا کاربکات، لەو رێگەیەوە ئاگادارى تەواوى ئەو کارانە بووە کە لەسەر سنوورى سوریا کراون.

سەرچاوە: سکاى نیوز

2029 جار خوێندراوەتەوە