ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (28)ى تەموزی هەموو ساڵێكی وەك
ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی هەوكردنی جگەر دیاریكردووە، كە بە ڤایرۆسی جگەریش دەناسێنرێت،
یەكێكە لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان كە ساڵانە هەزاران كەس دەكاتە قوربانی.
ڕێكخراوەكە دەیەوێت ئەم ڕۆژە هەلێك بێت بۆ چڕكردنەوەی هەوڵە
نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشییەكە، بۆ ئەوە تا ساڵی 2030 و
بەپێی ئەو پلانانەی دانراوە نەخۆشییەكە بنەبڕ بكرێت، هەر بۆیە دروشمی ئەمساڵ تایبەتە
بەو بابەتە لەژێر ناونیشانی "لەپێناو داهاتوویەكی بێ بونی ڤایرۆسی هەوكردنی
جگەر" یاددەكرێتەوە.
تەندروستی جیهانی لە یادی ئەمساڵدا كۆمەڵێك ڕێنمایی نوێ
سەبارەت بە گواستنەوەی ڤایرۆسی جۆری (B)
لە دایكەوە بۆ كۆرپەكەی بڵاودەكاتەوە، ئەویش لەڕێگەی بەكارهێنانی پێكوتەیەكی
گونجاو و كاریگەر.
هەوكردنی جگەر پێنج جۆری سەرەكی هەیە، ئەوانیش بریتین لە
(A,B,C,D,E) لەنێوانیشیاندا (B,C) مەترسیدارترینە و ساڵانە زیاتر
لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بەهۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن، لەمساڵیشدا كە ڤایرۆسی
كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بەڵام هێشتا ڤایرۆسی جگەر ژیانی هەزاران كەسی خستۆتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لەسەر نەخۆشییەكە ئەنجامدراوە
دەركەوتووە، جۆرەكانی (A,E)
بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس و خۆراكی ناتەندروستەوە توشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام سێ جۆرەكەی
دیكە بەهۆی گواستنەوەی خوێن یاخود بەكارهێنانی دەرزی پیس و كەلوپەلی نەخۆش كە ڤایرۆسەكەى
لەسەربێت، هەروەها پەیوەندیی سێكسی دەگوازرێتەوە بۆ كەسێك ئەوەش تا ڕادەیەك مەترسیدارە
و ژیانی كەسەكە دەخاتە مەترسییەوە.
ئامارەكان ئاماژە بە بونی زیاتر 325 ملیۆن حاڵەتی هەڵگری
ڤایرۆسی جۆری (B,C)
دەكەن، كە بەشێكیان منداڵن و لەگەڵ لە دایكبونیاندا دەبنە هەڵگری ڤایرۆسەكە، بەڵام لەوانە تەنها %42 یان دەرزی كوتانی دژی ڤایرۆسەكەیان
لێدەدەرێت.
پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوام ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن
بەوەی؛ خۆیان بپارێزن لەو ڕێگایانەی دەبێتە هۆی توشبونیان بە نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر،
بۆ ئەمەش پێویستە بە دەرمانی دژە هەوكردنی جگەر خۆیان بكوتن، كە بەرگری لەش دژی ئەو
نەخۆشییە بەهێز دەكات.
1511 جار خوێندراوەتەوە