ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای
هەولێر لە راگەیەنراوێکدا نوێترین ڕێنمایی و راسپاردە و بڕیارهكانی لهباره قهدهغهی هاتووچۆ راگهیاند.
دهقی راگهیهندراوهكهی ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 2/6/2020، بەسەرپەرشتی د.فرسەت
سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی
ئەنجامدا، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیار و راسپاردانەی خوارەوە:
یەکەم/ بەناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ
بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی خۆمان
ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەین، کە بەهەق نموونەیەکی
جوان و شارستانیان لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی قەدەغەی هاتووچۆ نیشاندا
و ئێمەیان سەربەرز کرد.
دووەم/ دوای ئەو کۆبوونەوەی کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی
ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکومەتی
هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی یەکە
ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان ئەنجامدرا، لەبەر بەرژەوەندی
و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، بڕیاردرا لە سبەی 3/6/2020 کاتژمێر (6)ی ئێوارە
بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەکان کۆتایی پێبهێنرێت.
سێیەم/ سەرجەم دوکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ
خزمەتی هاووڵاتییان کرابوونەوە دەکرێنەوە، بە مەرجی جێ بەجێ کردنی رێنامایی
خۆپارێزی تەندروستی وورد، کە بۆ هەر سێکتەرێك کۆمیتە و لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن
فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردن و جێ بەجێ کردنی ئەو
ڕێنماییانە پێکهێنراوە، بۆیە داواکارین هەموو هاووڵاتیان و ئەو شوێنانەشی کە
کاردەکەن، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر
شوێنێك پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوراەم/ راگرتنی هاتوو چۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان
سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیكهی عێراق، بەپێی خاڵی یەکەمی بەیانی
ژمارە(38)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کاتژمێر (12)ی
شەوی 6/6/2020، بەداخراوی دەمێنێتەوە.
پێنجەم/ هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا
دەکەینەوە، هەموو توانای خۆمان لەپێناو پاراستن و پارێزگاریکردنیان خستووهتەگەڕ،
بەهەموو شێوەیەکیش لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و
بەدوورگرتنی هاوڵاتیانمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو
قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە و سەرچاوەی تەشەنەکردنەکەشی نادیارە،
تووشبووانی ئەم دوایەش بەم ڤایرۆسە حاڵەتەکانیان ناجێگیرە و سەرچاوەی توشبوونیان
نادیارە، بەداخەوەش لەشارەکەماندا بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا، بۆیە
داواکارین و تکا لە هاووڵاتیانی شارەکەمان دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە
تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و زۆر هەستیارانە مامەڵە بکەن و
خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و دەستکێش و دەمامك ببەستن، لەپێناو
پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و سەلامەتی هاووڵاتیانی.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2/6/2020
2303 جار خوێندراوەتەوە