تۆم و جێری و شەڕ
و سەركێشییەكانیان یەكێكە لە بەناوبانگترین زنجیرە كارتۆنییەكان لەسەر ئاستی جیهان،
كە كێشە و ململانێكانیان لەچوارچێوەیەكی كۆمیدیدا نیشان دەدرێت.
بۆ دۆزینەوەی نهێنی
ئەو پەیوەندییە، تیمێك توێژەری نێودەوڵەتی لە هەشت وڵاتی جیهانەوە، لێكۆڵینەوەیان
لە مێژووی پەیوەندی نێوان مشك و پشیلە و كات و هۆكاری دەركەوتنی ئەو ململانێیە ئەنجامداوە.
توێژینەوەكە لە
گۆڤاری (haaretz) دا
بڵاوكراوەتەوە و باسی لەوە كردووە، مشكە ڕەنگ خۆڵەمێشییەكان توانایەكی زۆر خێرایان
هەیە لە بڵاوبونەوە و زیادكردندا، بەر لە 15 هەزار ساڵ سودیان لە جێگیربوونی مرۆڤ
و دەستكردنیان بە كشتوكاڵ وەرگرتووە، ئەوەش یارمەتیدەریان بووە بچنە ناوچەی نوێ و
دواتر بەهەموو جیهاندا بڵاوببنەوە.
توێژەرەكان
پاشماوە و ئێسكی زیاتر لە 800 مشكیان دۆزیوەتەوە لە ناوچەكانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات، كە
لەیۆنانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێران، ئەوانەش بەسەر 43 شوێنەواری باشوری ڕۆژهەڵاتی
ئەوروپا و ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتدا دابەشبوون، مێژووەكەشیان دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار تا 43 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
گروپی توێژینەوەكە
سەرنجی ئەوەشیانداوە كە بڵاوبونەوەی مشكەكان بە ئەوروپا دواكەوتووە، چونكە ئەوروپییەكان
دواكەوتوون لە كشتوكاڵ كردن و جێگیربوون لە ناوچەیەكی دیاریكراودا، واتە پێش 6500
ساڵ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و 4000 ساڵ لە باشوری ئەوروپا.
تۆماس كوچی زانای
شوێنەوار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە باس لەوەدەكات بەر لە 15 هەزار ساڵ مشكەكان لە
ژینگەی مرۆڤدا ژیاون چونكە شوێنەكە و جێگیربوونی مرۆڤ لە ناوچەیەكدا بۆیان گونجاو
بووە.
سەبارەت بە
ململانێی مشك و پشیلە ئەو توێژەرە ئاماژە بەوە دەكات، كێشەكە كاتێك دروستبووە كە
مشك و پشیلە لەیەك كاتدا لەماڵدا دەركەوتوون، دواتریش كە جوتیارانو خەڵكی ئاسایی
هەستیانكردووە پشیلە شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ مشكدا دەزانێت، ماڵییان كردوون و وەك
پاسەوانێك بۆ ماڵ و كێڵگە كشتوكاڵییەكانیان دژی مشكەكان دایانناون، ئەوەش بۆتە هۆی
دروستبونی كێبڕكێ و ململانێ لە نێوانیاندا.
كۆچی ئاشكراشی دەكات، زیادبونی ژمارەی كێڵگە كشتوكاڵییەكان و گوند و
شوێنەكانی نیشتەجێبوون بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی زیاتری مشكەكان بە ڕۆژهەڵاتدا تا گەشتووەتە
ئەنادۆڵ، ئەوەش بەر لە 12 هەزار ساڵ.
6431 جار خوێندراوەتەوە