خزمەتگوزارییەكی نوێ لە فەیسبووكەوە بۆ هەموو بەكارهێنەران

KNN : Kurdish News Network
10:49 - 16/05/2020
زانستی

كۆمپانیای بەناوبانگی فەیسبووك، نوێترین خزمەتگوزاریی تایبەت بە كۆڕی ڤیدیۆی بەناوی (Messenger Rooms) دەخاتە بەردەستی بەركاهێنەرانی و لەتەواوی جیهان دەتوانرێت، بەكاربهێنرێت، ئەوەش دوای 20 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی خزمەتگوزارییەكە.

 

 
فەیسبووك لە 25ی نیسانی ڕابردوودا ڕایگەیاند، خزمەتگوزاری پەیوەندی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی بەكۆمەڵ پەرەپێدەدات، ئەوەش بەهۆی ئەو داواكارییە زۆرەی لەو بوارەدا ئاڕاستەی كراوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەستاندنی دەوامی زۆربەی كۆمپانیا و فەرمانگەكان.

 

ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە تەنها بۆ ئەو كەسانە نییە كە ماسنجەر بەكاردەهێنن، بەڵكو بەكارهێنەرانی ئینستەگرام و وەتس ئەپ دەتوانن بچنەناو كۆڕە ڤیدیۆییەكە و بەشداری كۆبونەوە و گفتوگۆكان بكەن.

 

فەیسبووك ڕاگەیاندووە لەڕێی (Messenger Rooms) 50 كەس دەتوانن پەیوەندی ببەستن و لەیەك كاتدا ڤیدیۆ چات ئەنجام بدەن، بەڵام تەنها وێنەكانی 16 كەسیان لەسەر ئامێری كۆمپیتەری گەورە و لاپ تۆپ دەردەكەوێت، هەروەها بۆ ئامێرە زیرەكاكانی وەك مۆبایل و ئایپاد و تابلێت، وێنەی هەشت كەسیان دەردەكەوێت، ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی خزمەتگوزارییەكانی (Zoom) كە لەئێستادا هاتۆتە گۆڕەپانەكەوە و ڕكابەری كۆمپانیا گەورەكان دەكات.

 

تایبەتمەندییەكی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە ئەوەیە، ئەوانەی فەیسبووكیان نییە دەتوانن لەڕێگەی وێبەوە، بێ ئەوەی پێویست بە داگرتنی ئەپلیكەیشن و دانانی ئەژماری تایبەت بكات، بچنە ناو پەیوەندییەكەوە ئەوەش تەنها لەڕێی ناردنی لینكەوە لەلایەن بەشداربوویەكی دیكە كە ئەژماری هەبێت و لە پەیوەندییەكەدا بێت، هەروەها هیچ ماوە و كاتێك بۆ قسەكردن دیارینەكراوە.

 

فەیسبووك بەم خزمەتگوزارییە نوێیە دەچێتە كێبڕكێوە لەگەڵ چەندین كۆمپانیاوە كە هەوڵی ڕاكێشانی ملیۆنان كەسیان داوە لەوانەی لە ماڵەكانیان دەمێننەوە، بەڵام ناچارن بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانیان كۆڕی ڤیدیۆی ئەنجام بدەن.

 

پێشتر ستان شۆدنۆفسكی سەرۆكی ماسنجەر ڕایگەیاندبوو، بڕیاربوو ئەم خزمەتگوزارییە لە چارەكی سێهەم یاخود چوارەمی ئەمساڵدا بخرێتە بەردەست، بەڵام بەهۆی گەیشتنی داواكارییەكی زۆر بۆ پەیوەندییە ڤیدیۆییە بەكۆمەڵەكان كارەكانیان خێراكردووە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كەمدا بەردەست بێت.

 

شۆدنۆفسكی باسی لەوەش كردووە لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە ڕۆژانە زیاتر لە 700 ملیۆن كەس خزمەتگوزارییەكانی ماسنجەر و وەتس ئەپ بۆ پەیوەندیكردن بەكاردەهێنن.

 

لەئێستادا مایكرۆسۆفت و گۆگڵ و زووم، دیارترین ئەو كۆمپانیایانەن كە خزمەتگوزاری كۆڕی ڤیدیۆییان هەیە و بەردەوام ئەبدەیتی نوێ لەو بوارەدا پێشكەش دەكەن.

436 جار خوێندراوەتەوە