روسیا کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت رەگەزنامەی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنن

KNN : Kurdish News Network
02:02 - 15/05/2020
جیهان
+
-

روسیا کارئاسانی زیاتر بۆ پێدانی رەگەزنامەی وڵاتەکەی دەکات و تەنها لە ئەمساڵدا زیاتر لە (215) هەزار کەس رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان بەدەستهێناوە.

ئاژانسی روسیا تودەی بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا رەگەزنامەی روسییان وەرگرتوە بۆ سێ هێندەی ساڵی رابردو بەرزبوەتەوە، ئەوەش بەهۆی کارئاسانی حکومەتی ئەو وڵاتەیە بۆ پێدانی رەگەزنامە بەو کەسانەی خوازیارن ببنە هاوڵاتی روسیا.

ئاژانسەکە رونیشیکردوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی حکومەتی مۆسکۆ خستوویەتیەڕوو لەمانگی یەکی ئەمساڵەوە تا مانگی چوار؛ زیاتر لە (215) هەزار رەگەزنامە بەو کەسانەدراوە کە لە وڵاتانی دیکەوە چونەتە روسیا و داوای رەگەزنامەیان کردوە، ئەو ژمارەیەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردو تەنها (85) هەزار رەگەزنامە بەخشرابوو.

زیادبوونی رێژەی پێدانی رەگەزنامەی روسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وڵاتەکە کێشەی دیمۆگرافی هەیە و بە هۆکاری جۆراوجۆر زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی بەپێی پێویستی وڵاتەکە نییە و کەمترە.

پێدانی ئەو ژمارە زۆرەی رەگەزنامە لەلایەن حکومەتی روسیاوە لەکاتێکدایە، لە (24)ی نیسانی ئەمساڵدا فلادیمێر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە، واژۆی لەسەر یاسای پێدانی رەگەزنامەی روسی کرد بەبێ ئەوەی کەسی خوازیار ناچار بێت دەستبەرداری رەگەزنامەی وڵاتەکەی خۆی بێت، ئەوەش وایکرد، ژماریەکی زۆر لە خەڵکی وڵاتانی دیکە داواکاری بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی روسى پێشکەش بکەن.

4167 جار خوێندراوەتەوە