بەپێی توێژینەوەیەکى چینى کە لە ڕۆژنامەییەکى زانستیدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو تازە پێگەیشتووانەی
زیاتر دەخەون توانای ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکاری و کێشە و ئاستەنگەکانیان زیاترە، بۆیە
پێویست ناکات لەبارەی زۆرخەوتنی ئەو گەنجانەوە دایک و باوکەکان نیگەران بن.
ماڵپەری سکای نیوزی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، لێکۆڵەرەکانی بوار پزیشکی و دەرونناسی
لە چین توێژینەوەیەکیان لەسەر ئەو گەنجە تازە پێگەیشتوانە ئەنجامداوە کە زۆر دەخەون
و زیاتر لە کاتژمێرە ئاساییەکان لە جێگای خەویان دەمێننەوە، بەپێى توێژینەوەکە ئەو
گەنجانە زیاتر توانای خۆڕاگری و ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و گۆرانگارییەکانیان هەیە.
لەبارەی وردەکاری توێژینەوەکەشەوە ماڵپەرەکە رایگەیاندوە، ئەو توێژینەوەیە
لەسەر (840) گەنجی تازە پێگەیشتوو ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەوانەی زۆرتر دەخەون و
زووش خەویان لێدەکەوێت، کەسایەتییەکی نەرم و نیانتریان هەیە و دەتوانن بەسەر کێشەکاندا
سەربکەون و لەگەڵ بارودۆخە جیاواز و جۆراجۆرەکاندا هەڵبکەن.
پێشتر چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستبوو، شێواز و کوالێتی خەوتن کاریگەری
لەسەر هێمن بوون و نەرم و نیانی کەسەکان هەیە، بەجۆرێک ئەگەر کەسەکە خەوی باشبێت و
بەپێی پێویستی جەستەی و ماندوبوونی ڕۆژانەی بخەوێت، ئەوا کەمتر توڕەیی و هەڵچونی لێدەبینرێت.
بەهۆی کاریگەری باشی خەوتنیش لەسەر چالاکبوونی جەستە و دەرونی مرۆڤەکانیشەوەیە
لەزۆربەی ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن لە جیهاندا، بەیانیان وەک باشترین کات بۆ فێربوون
دانراوە.
1792 جار خوێندراوەتەوە