یادكردنەوەی ڕۆژی كرێكاران

KNN : Kurdish News Network
08:47 - 01/05/2020
جیهان
+
-

هەشت كاتژمێر كاركردن، هەشت كاتژمێر پشوودان و هەشت كاتژمێریش نوستن، ئەمە ئەو دروشمە بوو كە 340 هەزار كرێكاری مانگرتووی شاری شیكاگۆی ئەمریكا لە ڕۆژی یەكی ئایاری ساڵی 1886دا بەرزیانكردبۆوە و تێیدا داوایان دەكرد لە هەشت كاتژمێر زیاتر كارنەكەن و دۆخی ژیانیان باشتر بكرێت.

پێش ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە بەشێكی خاوەن كار و سەرمایەدارەكان نزیكەی 14 بۆ 16 كاتژمێر كاریان بەكرێكارەكانیان دەكرد، لەبەرامبەردا كرێیەكی كەمیان وەردەگرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە و مانگرتنی كرێكارانی ئەمریكای بەدواداهات، كە دواتر چەند وڵاتێكی دیكەشی گرتەوە.

ساڵی 1889 بڕیاردرا ڕۆژی یەكی ئایار بكرێتە ڕۆژی خەباتی كرێكاری، هەرچەندە تا ئێستا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان یاد دەكرێتەوە و لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی و وەك جەژنێك سەیر دەكرێت.

لە یەكی ئایاردا بەشێكی زۆری كرێكارانی جیهان دەست بە خۆپیشاندان دەكەن و داوای دابینكردنی زیاترى مافەكانیان دەكەن، بە تایبەت كە تائێستا لە زۆر وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەم، ژیانی كرێكاران بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت و لەبەرامبەر كارەكەیاندا كرێیەكی كەم وەردەگرن، هەروەها بەشێكی زۆری مافەكانیان پێشێل دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان بەهۆی جۆری كارەكەیان و دابینەكردنی كەرەستەی سەلامەتی لە شوێنی كارەكانیان دەبنە قوربانی.

ژیانی كرێكارانی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخێكی خراپدایە، بەتایبەت كە چەند ساڵێكە قەیرانی دارایی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتووە، لە ئێستاشدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، زۆرترین كاریگەری لەسەر ژیانی كرێكاران هەبووە و كارەكانیانی وەستاندووە.

یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی سەختی ژیانی كرێكارانی هەرێم، هێنانی كرێكاری بیانی و پێدانی كار بە ئەوان لەبەرامبەر كرێیەكی كەمتردا، ئەوەش وایكردووە ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندا بێت.

لەگەڵ ئەو دۆخەی سەختەشدا، مەترسییەكانی سەر ژیانی كرێكاران ساڵانە زیاتر دەبێت بەجۆرێك، ژمارەیەكیان لەكاتی كاردا توشی ڕووداوی دڵتەزێن دەبن و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن دواتریش هیچ ئاوڕێك لە خێزانەكانیان نادرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان توشی برینی سەخت و كەمئەندامی دەبن بێ ئەوەی هیچ لایەنێكی حكومی و كەرتی تایبەت ئاوڕیان لێبداتەوە.  

1091 جار خوێندراوەتەوە