ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە ئێران و مەرجی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعودیە ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
03:31 - 23/07/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوو پەیامی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ، هۆشدارییەکی توندی دایە ئێران و حوسییەکان لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، هاوکات مەرجی وڵاتەکەی بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە ئاشکرا کرد.

 

سەبارەت بە گرژییەکانی دەریای سوور، ترەمپ ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر حوسییەکان بەهۆی تێکدانی بازرگانی و تەقەکردن لە کەشتییەکان، ئەو گرووپە لە ماوەی ڕابردوودا و لە کاتی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران مامەڵەیەکی زۆر بەرپرسیارانەیان کردووە. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە بەداخەوە ئێستا دووبارە دەستیان پێکردووەتەوە و شەوی ڕابردوو تەقەیان لە دوو کەشتیی سعودیە کردووە. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حوسییەکان ئەو کارە دووبارە بکەنەوە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حوسییەکان بریکار و نوێنەری ئێرانن، وە سزایەکی سەربازیی قورس بەسەر ئێران و خودی حوسییەکانیشدا دەسەپێنرێت، کە وەک خۆی دەڵێت لە ئێستادا زۆر لێیان بێهیوا بووە چونکە پێشتر بە زیرەکی و پڕۆفیشناڵی مامەڵەیان دەکرد.

 

لە پەیامێکی دیکەدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ڕیاز، سەرۆکی ئەمریکا خستیەڕوو کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنی لە نێوان وەزارەتی وزەی ئەمریکا و سعودیە پەسەند دەکرێت. ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هیچ جۆرە پیتاندنێکی ماددەی ئەتۆمیی تێدا نابێت و تەنها بۆ مەبەستی ناسەربازییە، هاوشێوەی ئەو وێستگانەی کە ئێران و ئیمارات و وڵاتانی دیکە هەیانە و ئەمریکاش دژی دامەزراوەی ئەتۆمیی مەدەنیی بێ پیتاندن نییە. بەڵام جەختی کردەوە کە پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە بەتەواوی بەستراوەتەوە بە مەرجی پەیوەستبوونی سعودیە بە "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم" (Abraham Accords)ـی سەرکەوتووەوە.

55 جار خوێندراوەتەوە