مانەوەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی جیهان لەماڵەوە، هەروەها ڕاپەڕاندنی كارەكانیشیان هەر لە شوێنی خۆیانەوە لە ترسی كۆرۆنا، ڕەنگە بێزاری و ماندوبونێكی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنابێت.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی چوار ڕێنمایی تایبەتی بەو بابەتە بڵاوكردۆتەوە و بە دیاریكراویش بۆ ئەو كەسانەی كە لەماڵەوە كاردەكەن، تاوەكو پارێزگاری لەتەندروستیان بكەن، بەو پێیەی كەشی كاركردنی ماڵ و شوێنی كار زۆر جیاوازە.
ڕێنماییەكان لەڕێی پەیجی تایبەتی ڕێكخراوەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاوكراوەتەوە، بە دیاریكراویش بۆ ئەوانەی چەند كاتژمێرێك لەبەردەم شاشەی كۆمپیتەر بەسەر دەبەن و بەڕێگەی ئۆنلاین كاردەكەن.
1- سەركەوتن و دابەزین بەسەر پلیكانەدا: دەبێتە هۆی چالاككردنی سوڕی خوێن و كاركردن و توانای دڵ ڕێكدەخات، مەترسی جەڵتەش كەمدەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی بڕێكی زۆر كالۆری دەسوتێنێت.
2- راهێنانی پشووی ماسولكە: ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە لەماڵەوە كاردەكەن، نیو كاتژمێر جارێك شوێنی كاركەیان جێبهێڵن و چەند ڕاهێنانێك ئەنجام بدەن، بەتایبەت بەرزكردنەوەی دەستەكان بۆ سەرەوە و سوڕاندنی شان بەشێوەیەكی بازنەی.
3-چەند خولەكێك سەماكردن: كاركردن بۆ چەند كاتژمێرێك لە ماڵەوە مرۆڤ ماندوو دەكات، باشترە كەمێك مۆسیقا لێبدرێت و لەگەڵ ئاوازەكەیدا سەما بكرێت، چونكە دەبێتە هۆی جوڵاندنی ماسولەكەكان و باشكردنی باری دەرونی.
4- سەیركردنی بابەتێكی كۆمیدی: ئەگەر كەسێك حەزی بە ئەنجامدانی هیچ ڕاهێنانێك نەبوو، باشترە لەڕێی ئینتەرنێتەوە بۆ چەند خولەكێك سەیری بابەتێك یاخود ڤیدیۆیەكی كۆمیدی و تەنز ئامێز بكات، بەوەش بۆ كەمێك لە كەشی كار دووردەكەوێتەوە و دووبارە هەست بە چالاكی دەكات.
1270 جار خوێندراوەتەوە