22 ئازار، ڕۆژی جیهانیی ئاوە

KNN : Kurdish News Network
11:01 - 22/03/2020
هەمەڕەنگ
+
-

ئاو یەكێكە لە سەرچاوە گرنگ و سەرەكییەكانی سەر زەوی و ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر بەندە، ئەوەش وایكردووە گرنگییەكی زۆری پێبدرێت و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژێكی تایبەتی بۆ دیاری بكات.

 

 
ڕێكخراوەكە لە ساڵی 1993وە 22 ئازاری وەك ڕۆژی جیهانیی ئاو دیاریكردووە و ساڵانە لەژێر ناونیشانێكی تایبەتدا یادی دەكاتەوە، چەندین چالاكییش لە وڵاتان ئەنجام دەدرێت كە سەرجەمیان جەخت لە گرنگی پاراستنی ئاو بەتایبەت ئاوی پاكژ و شیرین بۆ خواردنەوە دەكەنەوە.

ناونیشانی سالی 2020 (ئاو و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا)یە، مەبەست لێی بەكارهێنانی ئاوە بۆ كەمكردنەوەی دیاردە سروشتییەكانی وەك لافاو و وشكەساڵی و پیسبونی ژینگە و دیاردەكانی دیكە.

یادی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش وای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لە ماڵپەڕی فەرەمی خۆیەوە، ئاو وەك سەرچاوەیەك بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دابنێت، بەو پێیەی دەست شتن بە ئاو و سابون بە یەكێك لە ڕێگاكانی خۆپارێزی دادەنرێت.

ئەوەی جێی نیگەرانییە بونی نزیكەی سێ ملیار كەسە كە ئامرازەكانی دەست شتن بۆیان بەردەست نییە، ئەوەش مەترسییەكانی توشبونیان بە نەخۆشی كۆڤید 19 زیاتر دەكات، ئەمە جگە لەوەی ئاو خواردنەوە و تەڕبونی ناو دەم یەكێكی دیكەیە لە ڕێگاكانی خۆپارێزی.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە یەك ملیار كەس لە دانیشتوانی جیهان بە ئاسانی ئاوی خواردنەوەیان دەست ناكەوێت، ئەمە جگە لەوەی كەمی ئاو بۆتە كێشەی سەرەكی چەندین وڵات و كاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی و تەندروستییان هەبووە.

814 جار خوێندراوەتەوە