زیانى چەندین ملیار دۆلار، سستتبوونى ئابورى جیهان،
راگرتنى پرۆسەى خوێندن، پەککەوتنى کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان، راوەستانى ژیانى
گشتى، لە ئێستادا لە زیانە هەرە دیارەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنان.
ئەمە جگە لە گیان لەدەستدانى ژمارەیەک هاوڵاتى بەهۆى
توشبونیان بە ڤایرۆسەکە.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كۆرۆنا بڵاوبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە
دەبینێت و پەل بۆ وڵاتانى جیهان دەکێشێت، بەجۆرێک لەئێستادا ڤایرۆسى کۆرۆنا لە
(160) وڵاتدا بڵاوە.
بەهۆی نەبونی
چارەسەری خێراو ڤاکسینەوە، وڵاتانی جیهان بە كەرەنتینەكردنی هاوڵاتییەكانیان و
قەدەغەكردنى هاتوچۆ دەیانەوێت بەڕووی ڤایرۆسەكەدا بوەستنەوە.
ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی دونیا خاوەنی سیستمێكی
پێشكەوتووی تەندروستین و بە باشترینەكان دادەنرێن، ئێستا ڤایرۆسەكە تەنگی
پێهەڵچنیون، لەوانە ئەمریكا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، كۆریای باشور، ئەڵمانیا.
ناوەندە تەندروستییەكان و كۆمپانیا گەورەكانی بواری
دەرمان لە كێبڕكێی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، چەندین توێژینەوە
و تاقیكردنەوەش بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە.
كێبڕكێ گەورەكە لەنێوان ئەوروپا و ئەمریكادایە، لەگەڵ
یەكەم تاقیكردنەوەی ڤاكسینێك لە ئەمریكا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ چاوی بڕیوەتە
هەوڵەكانی كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كە سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ ڤایرۆسەكە.
چارەسەرەكەی ئەمریكا ڕۆژی دووشەممە 16/3 بۆ یەكەمجار
لەسەر خانمێكی خۆبەخش تاقیكرایەوە.
ئەگەر تاقیكردنەوەكە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، 12 تاکو 18
مانگی دیكە بەردەست نابێت بۆ توشبووان.
لەگەڵ ئەم هەوڵەی ئەمریكادا لە چەند وڵاتێكی دیكەش
پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوامن لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر، دیارترینیان
كۆمپانیایەكی ئەڵمانییە كە سەرنجی سەرۆكی ئەمریكای بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.
چارەسەرەكە لەلایەن كۆمپانیای كیۆرڤاكەوە دروستكراوە،
لەداهاتوودا پەرەی زیاتری پێدەدرێت و تاقیدەكرێتەوە، ئەمریكاش بڕی ملیارێك دۆلاری
خستۆتە بەردەم كۆمپانیاكە تاوەكو مافی خاوەندارێتی ڤاكسینەكە بیگرێتەوە، ئەوەش
ناڕەزایەتییەكی زۆری بەرپرسانی ئەڵمانیای لێكەوتۆتەوە.
پیتەر ئەلتمایەر وەزیری ئابوری ئەڵمانیا وەك
كاردانەوەیەك، نامەیەكی بە زمانی ئینگلیزی ئاڕاستەی ویلایەتە یەكگرتووەكان كردووە
و نوسیوێتی "ئەڵمانیا بۆ فرۆشتن نییە".
هاوكات هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە
دەڵێت "ڕێگە نادەین هیچ كەسێك ئەنجامی توێژینەوەكانمان بۆ خۆی بەرێت"،
باسی لەوەش كردووە هەمووان پێكەوە ڕوبەڕووی كۆرۆنا دەبینەوە نەك بە دژایەتیكردنی
یەكتر.
ئەو ململانێیانە لە كاتێكدایە، لەسەر ئاستی جیهان كۆرۆنا
لە تەشەنەكردنی بەردەوامدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، مردن بە
كۆرۆنا لە دونیادا (10) هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش نزیکەى (250) هەزار
كەسن.
هەرچەندە هیچ چارەسەرێك بۆ رێگرى لە توشبوون بە
ڤایرۆسەكە بەردەست نییە، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە تائێستا زیاتر لە (86)
هەزار توشبووى ڤایرۆسەکە بەتەواوەتى چاکبونەتەوە.
2036 جار خوێندراوەتەوە