دایك بەنرخترین تاكی گەردون و باشترین و جوانترین و میهرەبانترین كەس لە ژیانی هەر یەكێكماندا، بێگومان لەگەڵ چەندین وشەی دیكە كە وتن و باسكردیان هێشتا كەم دەبێت بەراورد بەو سۆز و قوربانییەی دایك لەپێناو منداڵەكەیدا دەیدات.
خۆشەویستی و گەورەی دایك وایكردووە پێگەیەكی تایبەت لە ژیانی هەر كەسێكدا هەبێت و هەمووان لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن قەرەبونی ئەو قوربانییە بكەنەوە كە ئەو بۆ نەوەكانی داوێتی، بێ ئەوەی توانیبێتیان كەمێك لەو پاداشتەی بدەنەوە.
گەورەی دایك بە جۆرێكە ناوی لە قورئانی پیرۆز و كتێبە ئاینییەكانی دیكەدا هاتووە، پێغەمبەری موسڵمان و پەیامبەرانی دیكە لە فەرمودە و وتەكانیاندا بەردەوام باسیان كردووە، نوسەر و شاعیرە و كەسایەتییە ناسراوەكانی دیكەش وتەی تایبەتیان بۆی هەبووە.
وڵاتانی جیهان ڕۆژێكی تایبەتیان بۆ دایك تەرخان كردووە و ئەوەش لە وڵات و ناوچەیەكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی بە جێگری دەمێنێتەوە گەورەی و خۆشەویستی دایك و پێشكەشكردنی دیاری تایبەتە بە دایكان لەو ڕۆژەدا.
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان لە 21ی ئازار و یەكەم ڕۆژی بەهاردا یادی ڕۆژەكە دەكەنەوە، چەندین چالاكی جۆراو جۆریش لەو ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت، زۆرینەشیان خۆی لە پێشكەشكردنی دیاری تایبەتدا دەبینێتەوە.
جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمریكا و ئەوروپا زۆرینەی وڵاتانی دیكەی جیهان یادەكەیان خستۆتە دووەم یەكشەممەی مانگی ئایار، لە چەند وڵاتێكی دیكەش لە یەكەم یاخود كۆتا یەكشەممەی مانگی ئایاریدا یادی دەكەنەوە، بەڵام لە ڕوسیا و چەند وڵاتێكی دیكەی دراوسێی لە 8ی مارس و لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژناندا یادی دەكەنەوە، لەگەڵ چەند بەروارێكی دیكە كە بەپێی وڵاتەكان بۆ ڕۆژی دایك دانراوە.
1194 جار خوێندراوەتەوە