ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین لە کۆتایى نزیک
دەبێتەوە و ژمارەى تووشبوون و مردن بەهۆى ڤایرۆسەکە کەمترین ئاست لەسەرەتاى سەرهەڵدانى
تاکو ئێستا تۆمار دەکات.
کۆمسیۆنى نیشتمانى تەندروستى چین رایگەیاند،
لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا تەنها ١٢٥ کەس تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون، ئەوەش
کەمترین ژمارەی تووشبوونى رۆژانەیە کە تاکو ئێستا تۆمارکرابێت لەو کاتەوەى کە
ڤایرۆسەکە لە شەش هەفتە بەر لە ئێستا بۆ یەکەمجار لە شارى ووهانى ناوەندى هەرێمى
هوبى چین سەریهەڵدا و دواتر بەخێرایى بڵاوبووەوە.
کۆمسیۆنى نیشتمانى تەندروستى چین
ئاشکراشیکردوە، هەر لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا تەنها ٣١ کەس بە کۆرۆنا مردوون،
سەرجەمیشیان لە هەرێمى هوبى بوون، بەوەش ژمارەى مردووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە دوو
هەزار و ٩٤٣ کەس.
شارەزایانى تەندروستى چین کەمبوونەوەى ژمارەى
مردووان و تووشبووان بەو شێوەیە دەگەڕێننەوە بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنەکانى خۆپاراستن
و راگەیاندنى کەرەنتینە، هەرچەندە لە ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ١١ کەسى دیکە لە
دەرەوەى هەرێمى هوبى تووشى کۆرۆنا بوون، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە کە لە ماوەى پێنج
رۆژدا لە دەرەوەى هوبى تۆمارکرابێت.
لە ئێستادا ژمارەى تووشبوون بە کۆرۆنا لەسەر
ئاستى جیهان کە ٦٠ وڵاتى گرتووەتەوە، ٨٠ هەزار کەسى تێپەراندوە و ٣ هەزار و ١٠٠
کەسیش مردوون.
2854 جار خوێندراوەتەوە