بەڕێوەبەرایەتیی
بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر هۆشداری دەداتە شۆفێران لەبارەی هۆکارەکانی
سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا و داوا دەکات مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن
بۆ دووربوون لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا، بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند هۆکارێکی سەرەکیی بۆ سووتانی
ئۆتۆمبێل لە وەرزی گەرمادا خستووەتەڕوو، لەوانە بەرزبوونەوەی مەترسیداری پلەی
گەرمیی بزوێنەر بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمی ساردکەرەوە یان کەمیی ئاوی ڕادێتەر.
هەروەها دزەکردنی بەنزین و ڕۆنی مەکینە بۆ سەر بەشە گەرمەکانی ئۆتۆمبێلەکە،
هۆکارێکی دیکەی داگیرساندنی خێرایە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە کێشە کارەباییەکان کراوە، کە تێکچوون و داخورانی
وایەرەکان لەگەڵ بوونی گەرمادا دەبنە هۆی دروستبوونی پریشکی کارەبایی. هاوکات جەخت
کراوەتەوە لە مەترسیی بەجێهێشتنی کەرەستە گڕگرتووەکانی وەک چەرخ، بۆن، بوتڵی
بەتاڵ، پاوەربانک و مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلدا کە لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا
مەترسیی گڕگرتن و سووتانیان لێ دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە
ڕێنمایی شۆفێران دەکات کە پێویستە هەموو ئۆتۆمبێلێک ئامێری ئاگرکوژێنەوەی دەستیی
تێدابێت، هەروەها لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، بە زووترین کات
پەیوەندی بە ژمارەکانی (115) یان (125)ی بەرگریی شارستانییەوە بکەن.
224 جار خوێندراوەتەوە