چین.. ژمارەى مردووان بە کۆرۆنا بەراورد بە دوو هەفتەى رابردوو کەمیکرد

KNN : Kurdish News Network
09:01 - 25/02/2020
جیهان
+
-

لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ٧١ کەس بەهۆى تووشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش کەمترین ژمارەى رۆژانەى مردووانە بە ڤایرۆسەکە کە لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوودا تۆمارکرابێت.

 

 کۆمسیۆنى نیشتمانى تەندروستى چین بڵاویکردەوە، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ٧١ کەسى دیکە بە کۆرۆنا مردوون، زۆربەى ئەو ژمارەیەش کە ٦٢ کەس بووە لە هەرێمى هوبى ناوەندى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەوەش ژمارەى کۆى مردووان گەیشتووەتە دوو هەزار و ٦٦٣ کەس.

 

کۆمسیۆنى نیشتمانى تەندروستى چین ئاماژەى بەوەشکردوە، مردنى ٧١ کەس بە کۆرۆنا لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا کەمترین ژمارەى رۆژانەى مردووانە کە لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوودا تۆمارکرابێت، بەڵام ژمارەى تووشبوون کەمێک بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەى رۆژى دوو شەممە ٥٠٨ کەسى دیکە تووشى ڤایرۆسەکە بوون، لە کاتیکدا رۆژى یەک شەممە ٤٠٩ کەس تووشى ڤایرۆسەکە بوون، بەوەش ژمارەى کۆى تووشبووان گەیشتووەتە ٧٧ هەزار و ٦٥٨ کەس.

 

ئیتاڵیا

لەلایەکى ترەوە ژمارەى مردووان لە ئیتاڵیا گەیشتە ٧ کەس، ژمارەى تووشبووانیش بەرزبووەوە بۆ ٢٢٠ کەس کە زۆربەیان لە ناوچەکانى لۆمباردیا و ڤینیتۆ و ڤینیتینن لە باکورى ئیتاڵیا.

 

بەو هۆیەوەشەوە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە زۆرێک لە شوێنە بازرگانییەکان و خوێندنگەکان و زانکۆکانیان داخست بەهۆى مەترسى بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسەکە، هاوکات بارى مانەوەى ناچارى لە ژێر چاودێرى تەندروستى لە ١٠ شارۆچکەى هەرێمى لۆمباردیا لە نزیک شارى میلانۆى پایتەختى ئابورى ئیتاڵیا راگەیاندوە کە ژمارەیان نزیکەى ٥٠ هەزار کەس دەبێت.

 

لەلایەکى ترەوە پشکەکانى ئیتاڵیا لە بۆرسەکاندا بە رێژەى ٥% دابەزین، ئەوەش بەرزترین ئاستى دابەزینى رۆژانەیە لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا.

 

کۆریاى باشوور

 

ناوەندى کۆنتڕۆڵکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە کۆریاى باشوور بڵاویکردەوە، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ٦٠ کەس تووشى ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەش کەمترین ژمارەى تووشبوونە بەراورد بە چوار رۆژى رابردوو لەو وڵاتە کە بەدووەم وڵاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە دادەنرێت، بەو پێەى لە ئێستادا ژمارەى تووشبووان لە کۆریاى باشوور گەیشتووەتە  ٨٩٣ کەس و ٨ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.



1500 جار خوێندراوەتەوە