دوو سەرنشینی كەشتییەكە گیانیان لەدەستدا و ژمارەی توشبووانیش كەمیكرد

KNN : Kurdish News Network
08:43 - 20/02/2020
جیهان
+
-

ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 2 هەزار و 112 كەس، ژمارەی تووشبوونیش لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردوە. 

 

 

 كۆمسیۆنی تەندروستی نیشتمانی چین ئاماری رۆژانەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 108 كەسی دیكە لە هەرێمی هوبی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژماری كۆی مردووان بۆ 2 هەزار و 112 كەس بەرزبووەتەوە. 

 

هاوكات لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 615 كەسی دیكە لە شاری ووهان تووشی كۆرۆنا بوون، لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی هوبیش كە ووهان ناوەندەكەیەتی، تەنها 13 كەس تووش بوون، بەوەش دەردەكەوێت ژمارەی تووشبووانی رۆژانە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردوە، بەو پێیەی رۆژی پێشتر هەزار و 693 كەس لە هەرێمی هوبی تووشی ڤایرۆسەكە بوو بوون. كۆی تووشبووانیش لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تاكو ئێستا گەیشتووەتە 74 هەزار و 500 كەس. 

 

لەلایەكی ترەوە تەلەفیزیۆنی فەرمی ژاپۆن بڵاویكردەوە، دوو كەس كە لە ژن و پیاوێكی تەمەن سەرو 80 ساڵ پێكهاتبوون، دوای دابەزاندنیان لە كەشتی دایمۆن پرنسس و تێپەڕینیان بە پشكنیندا، دوای گەیشتنیان بە ماڵەوە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكەیان لێدەركەوتووە و دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. 

 

ئەو دوو كەسە بوون بە یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ناو ئەو 600 كەسەی كە لەسەر كەشتییەكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون. 

 

پێشتر حكومەتی ژاپۆن بڵاویكردەوە، رۆژی چوار شەممە 79 كەسی دیكە لەسەر كەشتییەكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی تووشبووان بەرزبووەتەوە بۆ 621 كەس، لە كۆی 3 هەزار و 711 كەسی خەڵكی 56 وڵاتی جیاواز كە لەسەر كەشتییەكە بوون و لە رۆژی 4 شوباتەوە لە بەندەری یۆكۆهامای ژاپۆن لە ژێر چاودێری تەندروستیدان. 

1009 جار خوێندراوەتەوە