ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو هەزار كەسی تێپەڕاند، ژمارەی تووشبووانیش لە 24 كاتژمێری رابردوودا جارێكی دیكە كەمیكرد و ژمارەیەكی پێوانەیی بەراورد بە 20 رۆژی رابردوو تۆمار كرد.
كۆمسیۆنی تەندروستی نیشتمانی چین بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 136 كەسی دیكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بەوەش ژمارەی مردووان تاكو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و 4 كەس.
لەلایەكی ترەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا هەزار و 749 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووتە 74 هەزار و 185 كەس، ئەوەش بەراورد بە رۆژی پێشتر كەمیكردوە كە هەزار و 886 كەس بووە، ئەوەش بە كەمترین ژمارەی تووشبوون لە رۆژێكدا دادەنرێت لە رۆژی 29 كانونی دووەمی رابردوو تاكو ئێستا.
لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە، بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە كە رێژەی مردن لە ناو تووشبووانی كۆرۆنا بۆ ئەوانەی كە تەمەنیان لە خوار 40 ساڵەوەیە زۆر كەمە و رێژەكەیان 0.2% ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنی تووشبووانیشدا رێژەی مردنیان زیاترە.
لەلایەكی ترەوە ژمارەی تووشبووان لە دەرەوەی وڵاتی چین تاكو ئێستا گەیشتووەتە 900 كەس لە 30 وڵاتی جیاواز، لەو ژمارەیەش 6 كەس مردوون، ئەوەش دوای ئەوەی كە بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە دووەم حاڵەتی مردن لە هۆنگ كۆنگ تۆماركرا كە پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ بوو.
637 جار خوێندراوەتەوە