سكانداڵێكی گەورەی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا دەبێت، كە بریتیە لە رێكەوتنێكی نێوان ئیدارەی یانەكە و كۆمپانیایەكی شارەزا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ لێدان لە ناوبانگی چەند كەسایەتییەكی یانەكە، لەسەرو هەمووشیانەوە لیۆنێل مێسی.
بە گوێرەی بەرنامەی رادیۆیی " لا لوتیا دیل كی تی جۆگیش" كە بە زمانی كەتەلۆنی لە بەرشەلۆنە پەخش دەكرێت، ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستێكی لەگەڵ تایبەت بە بەڕێوەبردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئیمزا كردوە بۆ ئەوەی لە ناوبانگی چەند كەسایەتییەكی یانەكە بدەن لە پێناو بەرژەوەندی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكە.
بەگوێرەی بەرنامەكە، یانەی بەرشەلۆنە دوو ئامانجی لەو كارە هەبووە كە بریتین لە: پاراستنی ناوبانگی سەرۆكی یانەكە و شێواندنی وێنە و ناوبانگی چەند كەسایەتییەكی پەیوەست بە یانە كەتەلۆنییەكە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەو كۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ كراوە ناوی " ئەی 3 فاینشورز" و دەیان پێگەی نەناسراو لە هەردوو تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و تویتەر بەڕێوەدەبات كە بەكارهێنراون بۆ لێدان لە لیۆنێل مێسی و جیرارد پیكێ.
وەك ئەوەی كە لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لە رێگەی ئەو پێگە و تۆڕە كۆمەڵایەتییانەوە رەخنە لە مێسی گیراوە سەبارەت بەو داواكارییانەی كە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی هەیبووە، هاوكات هێرشكراوەتە سەر دامەزراوەكەی ئەنتۆنیلای خێزانی، لەگەڵ سەرقاڵبوونی مێسی بە جامی دەیڤز بۆ تێنس لەبری سەرقاڵ بوونی بە تۆپی پێ.
هاوكات هەریەكە لە پیپ گواردیۆلای راهێنەری پێشووتری یانەكە و چاڤی هێرناندێزی یاریزانی پێشووی یانەكەش كراونەتە ئامانج و لەو پێگانەوە هێرشیان كراوەتەسەر.
ڤیكتۆر فۆنتی كاندید بۆ سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنەش یەكێكی ترە لەو كەسایەتییانەی كە هێرشی كراوەتە سەر، چونكە یەكێكە لە ركابەرەكانی بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكە لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
لە بەرامبەریشدا یانەی بەرشەلۆنە رەتیكردوەتەوە پەیوەندی بەو پێگانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەبێت، داواشی لە رادیۆ كەتەلۆنییەكە كردوە بە فەرمی داوای لێبوردن بكات.
بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكات كە لە نێوان لیۆنێل مێسی و ئەریك ئەبیداڵی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكە دروستبووە، بەهۆی ئەوەی كە ئەبیداڵ لەسەر دوورخستنەوەی ڤالڤێردی رەخنەی لە یاریزانەكانی یانەكەی گرتبوو، لیۆنێل مێسیش وەڵامی رەخنەكانی دایەوە.
1707 جار خوێندراوەتەوە