لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 93 كەس لە وڵاتی چین بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، لە ناویاندا بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی ووهانی چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەیە.
تەلەفیزیۆنی فەرمی چین بڵاویكردەوە، رۆژی سێ شەممە لو چی مینگ بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی شاری ووهانی ناوەندی هەرێمی هوبی چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە گیانی لەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە باری تەندروستی بەشێوەیەكی خێرا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە رووی لە خراپی كردووە و لەلایەن پزیشكانی نەخۆشخانەكەوە هەوڵی زۆری لەگەڵ دراوە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.
هاوكات كۆمسیۆنی نیشتمانی تەندروستی چین ئاماری رۆژانەی كۆرۆنای بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 93 كەسی دیكە بە كۆرۆنا مردون، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی تاكو ئێستا بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە هەزار و 800 كەس بەرزبووەتەوە.
هەر لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا هەزار و 807 خاڵەتی نوێی تووشبوون بە تەنها لە هەرێمی هوبی تۆماركراوە، ئەوە جگە لە 79 حاڵەتی دیكە لە ناوچەكانی دیكەی چین، ئەوەش بە كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی تووشبووانی نوێ دادەنرێت بەراورد بە رۆژانی رابردوو. بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان تاكو ئێستا گەیشتووەتە 72 هەزار و 436 كەس.
1568 جار خوێندراوەتەوە