حزبوڵای لوبنانی هەوڵی پڕكردنەوەی شوێنی سولەیمانی لە عێراق دەدات

02:55 - 13/02/2020
عێراق

حزبوڵای لوبنانی هەوڵی پڕكردنەوەی شوێنی قاسم سولەیمانی لە عێراق دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش بە نهێنی دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دەستپێكردوە و دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە لە دوای كوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دروستبووە. 

 

 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ جموجوڵەكانی حزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێران لە عێراق كردوە كە لەلایەن ئەمریكاوە وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ناسراوە و دەیەوێت، ئەو بۆشاییە سیاسی و ئەمنییە دروست بكات كە لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی لە نێوان گروپە چەكدارە شیعییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق دروست بووە، بە ئامانجی لێكنزیككردنەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان. 

رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، ئامانج لە دیدار و پەیوەندییە ژێر بە ژێرەكانی حزبوڵا لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە لە عێراق، یەكخستنی هەوڵە سیاسییەكانی نێوانیان و رێگریكردنە لە دووركەوتنەوەیان لە یەكتر كە لە دوای كوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە رۆژی 3 ی كانونی دووەمی رابردوو لە فڕۆكەخانەی بەغداد بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەلایەن ئەمریكاوە دروستبووە. 

رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوە لە ناو حزبوڵای لوبنان كە نەیانویستووە ناویان بڵاوبكرێتەوە ئاشكرایكردوە، ئامانجی كۆبوونەوەكان قسەكردنە لەسەر ئەو رێوشوێنانەی كە چۆن گروپ و لایەنە هاوپەیمانەكانی ئێران بتوانن لەدوای كوشتنی سولەیمانی هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوێ بكەنەوە و باڵا دەست بن. 

بە گوێرەی دوو سەرچاوەیەكی عێراقی، سولەیمانی چەند مانگێك بەر لە كوژرانی تێكەڵ بە قەیرانی سیاسی عێراق بووە و هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەی بۆ دەربازبوون لە دۆخی سیاسی پڕ لە قەیرانی عێراق داوە، ئەوەش بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك لە دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی عێراق، ئەوەش وەكو هەوڵێكی تاران بۆ پشتیوانیكردن لە گروپە هاوپەیمانەكانی. 

هاوكات دوو سەرچاوەی عێراقی رایانگەیاندوە، كۆبوونەوەكانی نێوان حزبوڵای لوبنانی و گروپە چەكدارەكانی عێراق بە چەند رۆژێم لە دوای كوشتنی سولەیمانی لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو دەستیانپێكردوە. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و ژمارەی كۆبوونەوەكان بدرێت، بەڵام لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا تەئكید لەسەر دانانی پلانێكی یەكگرتوو كراوەتەوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی خۆپیشاندانەكانی عێراق بكرێت. 

 

دەستێوەردانی حزبوڵا لە عێراق

بە گوێرەی یەكێك لە سەرچاوەكانی رۆیتەرز كە فەرماندەیەكی سەربازی نزیك لە ئێرانە، دەستێوەردانی حزبوڵا لە كاروباری گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق تەنها لە رووی سیاسی بووە و نەگەیشتووەتە ئاستی پشتیوانی مرۆیی یان پێدانی چەك و تەقەمەنی.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، دەبێت تۆڵەكردنەوەی كوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس هەر لە رێگەی گروپە عێراقییەكان خۆیانەوە بێت، ئەوەش پێویستی بە چاوەڕوانییە بۆ كاتێكی گونجاو و پێویست بە دەستێوەردانی حزبوڵا ناكات، چونكە گروپە عێراقییەكان خۆیان لە رووی سەربازی و ژمارەشەوە توانای تۆڵەكردنەوەیان هەیە و شارەزایی باشیشیان هەیە. 

سەرچاوە نزیكەكەی ئێران راشیگەیاندوە، سەرپەرشتیكردن و پێدانی رێنمایی حزبوڵا بۆ گروپە عێراقییەكان بەردەوام دەبێت بە راوێژ لەگەڵ فەرماندەی نوێی سوپای قودسی ئێران سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی عێراق.  
 

318 جار خوێندراوەتەوە