40 سەربازی سوپای سوریا لە ئیدلب كوژران

KNN : Kurdish News Network
11:50 - 23/01/2020
جیهان
+
-

وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشكرایكرد، لە هێرشێكدا لە پارێزگای ئیدلبی باكوری سوریا، 40 سەربازی ئەو وڵاتە كوژران و 80 دیكەش برینداربوون. 

وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، شەوی رابردوو نزیكەی 200 چەكداری ئۆپۆزسیۆن بە 20 ئۆتۆمبێل و تانك و زریپۆش و دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیانكردوەتە سەر پێگەكانی سوپای سوریا لە ریفی ئیدلب. 

ئاماژە بەوەشدراوە، بەهۆی بەهێزی هێرشەكە كە پێشتر راهێنانی لەسەر كراوە، سەربازانی سورپای سوریا ناچاربوون شوێنەكانیان چۆڵ بكەن و بەرەی باشوور بكشێنەوە. 

سوپای سوریا بە هاوكاری روسیا، بەشێكی زۆر لە پارێزگای ئیدلبی كۆنترۆڵكردوەتەوە كە بە دوایین پێگەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا دادەنرێت، لە رۆژی 9 ئەم مانگەشەوە ئاگربەست لە نێوان ئەو چەكدارانە و سوپای سوریا راگەیەنرا، بەڵام دوای چەند رۆژێك رێكەوتنەكە كە روسیا و توركیا سەرپەرشتییان دەكرد، پێشێلكرا. 

2413 جار خوێندراوەتەوە