حەماس: لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بژاردەی زۆرمان هەیە

KNN : Kurdish News Network
11:11 - 13/11/2019
جیهان
+
-

بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی نێوان کەرتی غەزە و ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە وەڵامی ئیسرائیلدا بژاردەی زۆریان لایە.

 

فەوزی بەرهوم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند "ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی بۆسەر كەرتی غەززە فراوانتر بكات، ئەوا بژاردەی زۆر لە بەردەست گرووپەكانی بەرگریی فەڵەستیندایە بۆ ئەوەی وەڵامی هێرشەكانی دوژمنی پێ بدەنەوە"، بێ ئەوەی ئاماژە بە بژاردەکان بکات.

وتیشی، "هێزی بەرگریی فەڵەستین بەجۆرێك وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆسەر كەرتی غەززە داوەتەوە كە پێشبینییەكانی دوژمنی تێكداوە".

پێشتر سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە هێرشی كردووەتە سەر ماڵی بەها ئەبولعەتا، كە یەكێكە لە فەرماندە دیارەكانی سەرایا قودس باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی كەرتی غەززە، لەو هێرشەدا ئەبولعەتا و هاوسەرەكەی ئەسما ئەبولعەتا كوژران.

دوای كوژرانی ئەبولعەتا لە كەرتی غەززەوە مووشەك ئاراستەی زۆر ناوچەی ئیسرائیل كرا، بەتایبەتی تەلئەبیب. بەو ‌هۆیەشە‌وە دەوامی خوێندن لە تەلئەبیب و زۆر قوتابخانەی باشووری ئیسرائیل كرایە پشوو.

757 جار خوێندراوەتەوە