پەرلەمانی بەریتانیا هەڵوەشێندرایەوە

KNN : Kurdish News Network
07:21 - 06/11/2019
جیهان
+
-

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دوای وەرگرتنی رەزامەندی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، پەرلەمانی وڵاتەکەی ھەڵوەشاندەوە.

لەچوارچێوەی بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە بەریتانیا، پەرلەمان ھەڵوەشێنرایەوە و بەوشێوەیەش بەریتانیا بە فەرمی پرۆسەی بەرەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا، دەستپێکرد.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوایکرد بەمەبەستی تەواوبوونی برێکسیت دەنگ بە پارتی پارێزگاران بدرێت و رایگەیاند: "یەکەم رۆژ دووبارە رێککەوتننامەکە دەبەینەوە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدەین و لە مانگی کانوونی دووەمدا (لە یەکێتیی ئەورووپا) جیادەبینەوە".

بۆریس جۆنسن، باسی لەوەش کردووە وەک جێگرەوە ئەگەر بێت و پارتی کرێکاران کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەوا برێکسیت زیاتر دوادەکەوێت و ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە کابوسێک کە تێیدا دوو ریفراندۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت کە یەکیان تایبەت دەبێت بە یەکێتیی ئەورووپا و ئەوی دیکەشیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلەندا دەبێت.

دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا نەیتوانی پرسی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا یەکلایی بکاتەوە، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت درا و بڕیارە رۆژی ١٢ی کانونی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

2525 جار خوێندراوەتەوە