ترەمپ یەکەمین سزای ئابووری سەر تورکیای ڕاگەیاند

11:02 - 14/10/2019
جیهان

 

سەرۆکی ئەمریکا یەکەمین سزای ئابووری سەر تورکیای ڕاگەیاند و وتی، گومرکی سەر "ستیل" پۆڵای تورکی لە ٪٥٠ بەرزکردووتەوە.

 

لە بەیاننامەیەکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، "بەزووترین کات سزای ئابووری بەسەر کاربەدەستانی ئێستای تورکیا دەسەپێنین و هەروەها ئەو کەسانەیش کە ڕۆڵیان هەبووە لە ئۆپراسیۆنی سەر باکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا دانوستانەکانی لەبارەی ڕێککەوتنی بازرگانی بەبەهای ١٠٠ ملیار دۆلار لەگەڵ تورکیا ڕادەوەستێنن.

 

سەبارەت بە سزادانی بەرپرسانی تورکیا ڕوونیکردووەتەوە موڵک و سامانیان بلۆک دەکات و ڕێگا بە چوونیان بۆ ئەمریکا دەگرێت.

 

راشیگەیاندووە، ئەگەر سەرکردەکانی تورکیا لەسەر ئەم رێگە مەترسیدار و وێرانکەرانەیە بەردەوامبن. ئابوری تورکیا تێکدەشکێنێت.

 

دەقی راگەیەندراەکەی ترەمپ:

"بەمزوانە بڕیارێکی سەرۆکایەتی بۆ سەپاندنی سزاکان بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی تورکیا و ئەو کەسانەی بەشداربوون لە دروستکردنی نائارامی لە باکوری سوریا دەردەکەم، جارێکی دیکە باجەکانی سەر پۆڵا بە ڕێژەی لەسەدا 50 بەرزدەکەینەوە. ئەمریکا هاوکات دەستبەجێ ئەو دانوستاندنانە دەوەستێنێت کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی سەرۆکایەتیان دەکرێت سەبارەت بە رێککەوتنی بازرگانی بەبەهای 100 ملیار دۆلار لەگەڵ تورکیا.

 

بڕیارەکە رێگە بە ئەمریکا دەدات کە سزای بەهێزی دیکەش بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت، کە رەنگە بەشداربووبن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دانانی بەربەست لەبەردەم ئاگربەست، رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارە نێوخۆییەکان بۆ ماڵەکانیان، بەزۆر پەنابەرەکانیان گەڕاندووەتەوە، یان هەڕەشە لە ئاشتی، ئاسایش یان سەقامگیری لە سووریا دەکەن. بڕیارەکە کۆمەڵێک شت لەخۆدەگرێت لە نێویاندا سزای دارایی، بلۆککردنی سامان و هەروەها رێگریکردن لە هاتن بۆ نێو ئەمریکا لە خۆدەگرێت.

 

لەیەکەم رۆژی بوونم بە سەرۆک، ئیدارەکەم بێوچان کاریکردووە بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەمریکا و هاووڵاتییەکانی. ئەمریکا و هەروەها هاوبەشەکانمان 100%ـی ناوچەکانی داعشیان ئازدکردووە. تورکیا نابێت ئەو دەسکەوتانە بخاتە ژێر مەترسییەوە. هەروەها تورکیا دەبێت پارێزگاریکردن لە مەدەنییەکان، بەتایبەتیش پێکهاتە لاوازە ئیتنی و ئاینییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکاتە کاری لە پێشینەی. بەهەڕەمەکی کردنە ئامانجی مەدەنییەکان و ناوەندە مەدەنییەکان و هەروەها کردنە ئامانجی پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکان قبوڵکراو نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەڕانەوەی ئاورەکان دەبێت بە سەلامەتی و بەخۆبەخشی و هەروەها بە رێگەیەکی شکۆمەندانەبێت.

 

ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا ژیانی مەدەنییەکان و هەروەها ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە. من بەتەواوەتی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان روون بووم: کە هەنگاوەکەی تورکیا دەبێتە هۆکاری قەیرانی مرۆیی و هەروەها هەلومەرجێک دەرخسێنێت کە تاوانی جەنگی تێدا ئەنجامبدرێت. تورکیا دەبێت لە سەلامەتی مەدەنییەکان دڵنیابێت، لە نێویاندا پێکهاتە ئاینی و ئیتنییەکان، هەروەها ئێستا یانیش لە داهاتوو بەرپرس دەبێت لە چەکدارانەی داعش کە ئێستا لە ناوچەکە دەستگیرکراون. بەداخەوە، پێناچێت تورکیا کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە مرۆییەکان لە داگیرکارییەکەیدا بکات. 

 

من وتوومە، هێزە ماوەکانمان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکێشمەوە، کە هێزەکانی ئەمریکا خەلافەتی داعشیان لە رووی فیزیکییەوە تێکشکاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دێنە دەرەوە و ئێستا لە ناوچەکە جێگیردەکرێن و دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە، هەروەها رێگری لە دووبارە بوونەوەی رووداوکەکانی 2014 دەکەن، کاتێک توڕەیی هەڕشەکانی داعش سەرانسەری عێراق و سووریای گرتەوە. 

هێزێکی کەمی ئەمریکا لە سەربازگەی ئەلتەنەف دەمێننەوە تاوەکو پێش بە پاشماوەکانی داعش بگرن.

 

ئەمریکا بە تووندی سزای ئابووری بەکاردەهێنێت بۆکردنە ئامانجی ئەو کەسانەی بوونەتەهۆی یان کارئاسانیان کردووە و هاوکاری دارایی ئەو چالاکییە ناپەسندانەیان لە سووریا کردەوە. من بەتەواوەتی ئامادەم تاوەکو بە خێرایی ئابووری تورکیا تێکبشکێنم، ئەگەر سەرکردەکانی تورکیا لەسەر ئەم رێگە مەترسیدار و وێرانکەرانەیە بەردەوامبن."

14213 جار خوێندراوەتەوە