بەغدا... ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەکەی ناوچەی سەدر بەرزبووەوە

KNN : Kurdish News Network
12:24 - 07/10/2019
عێراق
+
-

سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا كوژراون لە هەشت كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٥ كەس.

سەرچاوەكە كە لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە ناوچەی سەدر كار دەكات رایگەیاند، "دوای ئەوەی حەوت لە بریندارانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێ‌ بە هۆی سەختی برینەكانییانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی كوژراون لە هەشت كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٥ كەس".

بە وتەی سەرچاوەكە ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی ناوچەی سەدر، گەیشتووەتە ١٨ كەس.

دوێنێ‌ لە خۆپیشاندانەكەی ناوچەی سەدر، هێزە ئەمنییەكان گوللـە، بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسكڕێژیان بە ئامانجی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنابوو بە بیانووی ئەوەی خۆپیشاندانەكە بەبێ‌ وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامدراوە.

خۆپیشاندەران هێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزە ئەمنییەكان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتووەتەوە، بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس، هەروەها شەش هەزار و ١٠٧ كەسی دیكە برینداربوون.

1844 جار خوێندراوەتەوە