ژنانی ناوچەی چوکورۆڤا دوای ئەنجامدانی کارێکی زەحمەت، لە ھەناری ناوچەکەیان دۆشاو بەرھەم دەھێنن.
ناوچەی چوکورۆڤا باشووری تورکیا بە دۆشاوی سروشتی ھەنار بەناوبانگە کە بەدەستی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و دوای زەحمەتی و ھەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر دێتە بەرھەم، ئەوەش بە مەبەستی بەکارھێنانی لە ئامادەکردنی خوانەکان و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان.
دۆشاوی ھەنار یان رووبەھەنار بەرھەمی دار ھەنارەکانی ئەو ناوچەیەیە کە دواتر بۆ خۆشترکردنی بۆن و بەرامە و تامی خواردن و زەڵاتەکان بەکار دەھێنرێت، لەم ساڵانەی دواتریش لە زۆربەی ناوچەکانی تورکیا پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە.
لە پارێزگای عوسمانیە کەدەکەوێتە باشووری تورکیا، ژنان دوای لێکردنەوەی بەری ھەنارەکان و قاژکردنی بۆ دوو کەرت، بەدارێک لە پشت ھەنارەکە دەدەن بۆ دەرکردنی دەنکە ھەنارەکان.
دواتر دەنکە ھەنارەکان دەکرێنە گوێنییەوە بۆ گووشین و گرتنی ئاوەکەی، پاشان لەنێو مەنجەڵی گەورەدا دەخرێتە سەر ئاگری دارەوە تاوەکو جوان دەکوڵێت و ئاوی ھەنارەکە خەست دەبێتەوە و دوای ساردکردنەوەی دەبێتە دۆشاوی ھەنار.
رەحیمە سافووران ژنێکی دانیشتووی ناوچەکەیە و سەرقاڵی دروستکردنی دۆشاوی ھەنار بوەو باس لەوە دەکات، ئەو ھەنارەی لە دار ھەنارەکانیان کردووەتەوە دوای زەحمەتێکی زۆر دەگۆڕن بۆ دۆشاوی ھەنار.
لە ھەمان شوێن ئامینە گوتشار لەسەر کارەکەیان گوتی: "لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ھەموو ساڵێک دەست بە ئامادەکردنی دۆشاوی ھەنار دەکەین و لە ھەر ١٥ کیلۆگرام ھەنار، یەک کیلۆگرام دۆشاوی ھەنارمان دەست دەکەوێت، ئەو دۆشاوەش لە ئامادەکردنی خواردەمەنی و زەڵاتە بەکار دەھێنینەوە، بەشێکیشی دەفرۆشینەوە بۆ پەیداکردنی بەشێکی بژێوی خێزانەکانمان".
2143 جار خوێندراوەتەوە