سەرۆكی ئەمریكا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

05:40 - 20/09/2019
جیهان

سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و سزاكان بانكی ناوەندیی ئێران دەگرنەوە".

هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاند، سزاكانی ئەم جارە زۆر قورس و توند دەبن لەسەر ئێران.

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران زیاتر دەبن و تا ئێستا چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی ئێرانی لەناو لیستی سزاکانی ئەمریکادان.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەمریكا ڤیزای بەسەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران بەخشی كە بریارە بەمەبەستی بەشداری كردن لەكۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.

عەلی رەزا میر  یوسفی، وتەبێژی نێردەی ئێران لەنەتەوە یەكگرتوەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، ئەمریكا ڤیزای بە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەخشیوە بۆئەوەی بتوانن ئامادەی كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بن كە لەرۆژی ١٨ی ئەم مانگەوە لە نیویۆرك دەستیپێكردوە بڕیارە ماوەی هەفتەیەك بخایەنێت.

1074 جار خوێندراوەتەوە