سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانكردنی سنوری وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت، پلانیان هەیە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر تەواوی كەرتی خۆرئاوا و ناوچەی دۆڵی غور لە ئوردون و باكووری دەریای مردوو ڕابگەیەنن.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی بانگەشەكردن بۆ هەڵبژاردنەوەی لە پۆستەكەیدا و لە وتارێكدا هەڕەشەی فراوانكردنی سنووری ئیسرائیلی كرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆك، ئەوا بە هاوكاریی ئەمریكا پلانیان هەیە دەسەڵاتی تەواو بەسەر ناوچەكانی كەرتی خۆرئاوادا بگرن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، سوپای ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت لە ناوچەی دۆڵی غوڕی ئوردون و باكووری دەریای مردوو پێگەی خۆی بە هێز بكات و بە سەر هەموو ئوردووگاكانی كەرتی خۆرئاوا سەروەریی ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت.
قسەكانی بینامین نەتانیاهۆ لەسەر ئاستی جیهان وەك هەڕەشەیەكی جیدی وەرگیران و هەر یەك لە وڵاتانی توركیا و سعودیە و ئوردون وەڵامیان دایەوە، لوتكەی عەرەبیش لە بەیاننامەیەكدا ئەو قسانەی نەتانیاهۆی بە هەڕەشە وەسف كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ناوچەكە تووشی كارەساتێكی گەورە دەكەنەوە.
1439 جار خوێندراوەتەوە