کوردێک خەڵاتی یانەی سینەمایی ئێران وەردەگرێت

KNN : Kurdish News Network
06:58 - 31/08/2019
هەمەڕەنگ
+
-

ئەکتەری بەناوبانگی کوردی ئیلامی، نەڤید محەمە زادە لە جەژنی یانەی سینەمایی ئێرانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی بۆ فیلمی "سوورپێست" پێدرا.

 

 شەوی ڕابردوو  لە بیست و یەکەمین جەژنی یانەی سینەمایی ئێران کە لە ناوەندی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی شاری تاران بەڕێوەچوو، بۆ جارێکی دیکە نەڤید درەوشایەوە و خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی بۆ دەورگێڕان لە فیلمی "سوورپێست" مسۆگەر کرد.

 

نەڤید لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا وتی "خۆشحاڵم لەنێوان دوو کەستەری گەورەی دیکە وەک هووتەن شەکیبا و پەیمان مەعادی ئەو خەڵاتە وەردەگرم کە من ئەوان بە مامۆستای خۆم دەزانم و خۆشحاڵم کە عادل فیردەوسی پور،(پێشکەشکاری ناسراوەی تۆپی پێ) خەڵاتێکی وەها بە من دەبەخشێت.

لە هەمان ڤیستیڤاڵدا فەرهاد ئەسلانی ئەکتەری دیکەی کوردی سینەمای ئێران، بۆ دەورگێران لە فیلمی "مێشکە چکۆلە ژەنگ هێناوەکان" باشترین ئەکتەری ڕۆڵی تەواوکەری پیاوی پێبەخشرا.

 

نەڤید محەممەدزادە (لەدایکبووی ١٩٨٦ لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئه‌ستێره‌ی کوردی سینەما و شانۆیە لە ئێران و لەسەر ئاستی جیھان کە یەکەمین جار بە ھۆی ڕۆڵی لە فیلمی "تووڕە نیم'' ناوی دەرکرد.

 

نەڤید محەممەدزادە لە ٧٤مین "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیز" کە یەکێکە لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمایی جیھان و کۆنترین فێستیڤاڵی ئیتالیایە خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە ھۆی ڕۆڵی لە فیلمی "بێ مێژوو، بێ واژوو" پێدرا.

 

نەڤید ھەروەھا توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە فیستیڤاڵی جیھانی و نێودەوڵەتی "ئاسیا پاسیفک" لە وڵاتی ئوسترالیا بۆ دووەمین جار بە ھۆی ڕۆڵی لە فیلمی "بێ مێژوو، بێ واژوو" بەدەست هێنا.

683 جار خوێندراوەتەوە