زۆرن ئەوانەی بۆ حەز و خولیا بێت یاخود بۆ بژێویی, دەیان سەركێشیی دەكەن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. تیمی KNN بە درێژایی رۆژێكی تەواو بە شێوەیەكی مەیدانی لەگەڵ گروپێك دەبن كە لەگەڵ ئەوەی زۆر ماندو دەبن و سەركێشی دەكەن لە شاخ بۆ بڕینی هەنگ و دەستكەوتنی هەنگوینی ساغ, ئەم ڕاپۆرتە زانیاری زیاتری تێدایە و كامێرای KNN دیمەنەكانتان بۆ دەگوازێتەوە.
عەبدولا سەید نوری خەڵگی گوندی گەورەدێی سەربە ناحیەی ئاغجەلەرە و بە ووتەی خۆی ماوەی نزیكەی 26 ساڵە شاخە و شاخ دەگەڕێت بۆ بڕینی هەنگی شاخ.
سەرەتا بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و بۆ سەلامەتی ژیانیان بە كەل و پەل و پێداویستی سەرەتایی و سانا ئامادەكاری دەكەن بۆ بڕینی هەنگەكە.
زۆرجار ماندوبونی عەبدوڵا و تیمەكەی بێ ئەنجام دەبێت و بەناچاری دەبێت بەردەوام بن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی پورە هەنگێكی تر.
بەڕێدەكەوین بۆ یەكێك لە شاخەكانی ناوچەی چەمی ڕێزان ، پێشتر و لە وەرزی بەهاردا عەبدوڵا و تیمەكەی ئەم شوێنانەیان دەستنیشانكردووە، ئێستاش پرۆسەی بڕینی هەنگەكە دەستیپێكرد.
زۆر نین ئەو كەسانەی لەكوردستان هەنگ لە شاخەكاندا دەبڕن، ئەوە كارێكی سەختە و ئامادەكاری دەوێت و بێ مەترسیش نیە.
بەوتەی عەبدوڵا تەنها لەساڵی رابردوودا 60 كیلۆ هەنگوینیان لە شاخەكان دەرهێناوە، بەڵام ئەمساڵ باران زۆر بووە، ئەوەش وایكردوە هەنگوین كەم بێت.
ئەوان چەند ماندوو بن خەمی ئەوەیان نیە بەرهەمەكیان بۆ ساخ نەبێتەوە، ئەوان دڵنیان لە كوالێتی هەنگوینەكەیان و كڕیارەكانیشیان ئەوە باش دەزانن و دوو دڵ نین لە مامەڵە لەگەڵیاندا.
3242 جار خوێندراوەتەوە