ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی هەڵەبجە، بە منداڵ و گەنج و بە تەمەنەوە، هەفتانە چەند رۆژێك لە بەرەبەیانەوە چەند وەزرشێكی جیاواز لە باخی گشتی ئەنجام دەدەن و وەك خۆشیان دەڵێن: ئەو جۆرە وەرزشانە لە نەخۆشی دەیانپارێزێت.
پزیشك و ڕاهێنەرانی چارەسەركاری سروشتیش ئاماژە بەوە دەكەن: ئەو جۆرە وەرزشانە لە رووی جەستەیی و دەرونییەوە، سودی زۆریان دەبێت.
ئێرە باخی گشتیی هەڵەبجەیە، كاتژمێر چوارو نیوی بەرەبەیانییە، هەفتانە چەند رۆژێك، منداڵ و گەنج و بەتەمەن پێكەوە وەرزش دەكەن، هێشتا بە تەواوی ڕۆژ نەبۆتەوە، دیمەنی وەرزشێكی جیاواز دەبینین.
لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژیشدا، ئەم گەنجە هێشتا وەرزش دەكات، ئەو پەیامی هەیە و دەڵێت: ئەگەر دەتانەوێت گرنگیی ئەم وەرزشكردنە بزانن، یەك مانگ وەرزش بكەن و یەك ساڵ دوور بن لە نەخۆشی و بەكارهێنانی دەرمان و جەستەتان بە سەلامەتی بهێڵنەوە.
ئەوان پێش كازیوەی بەرەبەیان و كاژمێر 4 تا 6:30 دەچنە خەڵوەتەوە، 40 جۆر وەرزش دەكەن و تەواوی ماسولكەكانیان دەجووڵێن.
تیمێكی پزیشكی و ڕاهێنەری چارەسەركاری سروشتی و ڕاهێنەری دەروونییان لەگەڵدایە، بێ بەرامبەر ڕێنماییی هاوڵاتییان دەكەن، وەك ئەم پسپۆڕانە دەڵێن، لە زۆربەی وڵاتان، ئەم جۆرە وەرزشە بۆ زۆر نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی بەكار دێت و، پزیشكی زۆر و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان كراوە.
وەك پزیشكان و ڕاهێنەران باسی لێوەدەكەن ئەو جۆرە وەرزشكردنە لە سەر ئاستی دونیا دەكرێت و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە پێش خۆرهەڵهاتن سودی زۆری هەیە. دەشیانەوێت لە پارێزگای هەڵەبجەوە، ئەو وەرزشكردنە جیاوازە بكەن بە كلتور.
1131 جار خوێندراوەتەوە