سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا كاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

KNN : Kurdish News Network
08:26 - 17/07/2019
کوردستان

مامۆستایەكی زانكۆ: دانوستان باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
شارەزایەكی ئابوریی: بەغدا نیازپاكیی پیشانداوە دەبێت هەرێمیش نیازپاكیی پیشان بدات

 
سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بەمەبەستی دەرخستنی نیازپاكیی و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەو پرسە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا. كاردانەوەی جیاجیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


مامۆستایەكی زانكۆ پێی وایە دانوستان باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. شارەزایەكی ئابورییش دەڵێت, بەغدا نیازپاكیی پیشانداوەو دەبێت هەرێمیش نیازپاكیی پیشان بدات.

خەڵكی كوردستان و چاودێران و شارەزایان. سەقامگیریی و باشبونی باری بژێویی ژیانیان. بەمەرجی سەرەكیی لەبەردەم كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبینین وەك مەرجی سەركەوتنی كارو ئەدای لەپێشینەی كابینەكە.

سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو دەرخستنی نیازپاكیی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردولا بەتایبەتیی ئەوەی پەیوەندیدارە بەپرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستوری عیراق و دواتر مادەی 40ی دەستورو پرسی پێشمەرگەو چەندین پرسی دیكە, لەگەڵ حكومەتی عیراق.  بە هەنگاوێكی دروست و باش دەبینن بۆ ئەوەی تا ڕادەیەكی باش چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێن و سەقامگیریی بۆ بازاڕو باری ژیان و گوزەرانیی خەڵك بگەڕێتەوە.

بەیات عەلی مامۆستای زانكۆ دەڵێت, هەرچەند گفتوگۆ و دانوستان بكەین لەگەڵ بەغدا, زۆر باشترە لەهەر بژاردەو هەنگاو و گرتنەبەری ئاراستەیەكی دیكە. دەشڵێت, لەئێستادا دەرفەتێكی باش لەبەغداش هاتوەتە پێشەوەو سێ سەرۆكایەتیەكەی عیراقیش نیازپاكیی خۆیان بۆ چارسەركردنی كێشەكان دەرخستوە.

شارەزایەكی ئابورییش پێی وایە حكومەتی عیراق نیازپاكیی خۆی پیشانداوەو ئەوەی پەیوەندیدار بووە بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناردووە.
دەشڵێت, سەرەڕای ئەوەی كە لەبودجەی 2019ی عیراق دیاریكرابوو. دەبوو حكومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت. بەڵام نەینارد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدەستپێكی یەكەم هەنگاویدا. بەرەو بەغدا كەوتەڕێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. ئەوەش بووە جێگەی تا ڕادەیەكی باش دڵخۆشیی خەڵك. چونكە پێیان وایە كەئێمە بەشێك بین لەعیراق. دەبێت رێگەی دەستور و بنەما یاساییەكان بگرینەبەر لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانمان لەگەڵ بەغدا. نەك ئاراستەو شوێنی دیكە. بەڵام دواجار عیبرەت لەجێبەجێكردن و پابەندبونە بەبنەمای لێكگەیشتن و رێكەوتنەكانەوە.

4304 جار خوێندراوەتەوە