وەزیری خەزێنەی ئەمریكا: دانوستانەكان مەرجی ترەمپن بۆ كەمكردنەوەی سزاكانی سەر هواوی

09:33 - 10/06/2019
زانستی

وەزیری خەزێنەی ئەمریكا: گەر چین و ئەمریكا ڕێك بكەون سزاكانی سەر هواوی كەم دەكرێنەوە

 

وەزیری خەزێنەی ئەمریكا ڕایگەیاند: ئەگەر دانوستانە بازرگانییەكانی واشنتۆن و پەیجین، بەرەوپێش بچن، ئەوا دۆناڵد ترەمپیش سزاكانی سەر كۆمپانیای هواوی، كەم دەكاتەوە.

ستیڤن منوچین، وەزیری خەزێنەی ئەمریكا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پرسی سزاكانی سەر كۆمپانیای هواویی تەكنەلۆژی، پەیوەندییان بە ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریكاوە هەیە، بۆیە ئەگەر واشنتۆن لەو بارەیەوە گرەنتی لە چین وەربگرێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بەو سزایانەدا دەچێتەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد: ئەگەر دانوستانی ئەمریكا و چین بەرەو پێش بچێت و ڕێكەوتنی بازرگانیی نوێ بكەن، ئەوا سەرۆكی ئەمریكاش ئەو سزایانەی سەر كۆمپانیای هواوی، كەم دەكاتەوە، یان ڕەنگە لایان ببات. 

منوچین ئەوەشی نەشاردەوە، ئەگەر ئەو ڕێكەوتنە ڕوو نەدات، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیا چینییەكاندا.

مانگی ڕابردوو، ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند: كۆمپانیای هواوی و 70 كۆمپانیای تری چینی-یان خستوەتە لیستی ِرەشی بازرگانیی وڵاتەكەیانەوە، بەو پێیە هیچكام لە كۆمپانیاكانی ئەمریكا، ناتوانن هەماهەنگییان لەگەڵدا بكەن.

354 جار خوێندراوەتەوە