عادل عەبدولمەهدی: هەوڵی گەورەمان داوە بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن

03:35 - 15/05/2019
جیهان

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵی گەورەیان داوە بۆ هێوركردنەوەی گرژی و ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، داواشیان لە هەردوولا كردووە دان بەخۆیاندا بگرن و ململانێكان بەرەو هەڵدێر نەبەن.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، باسی لە كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كرد و رایگەیاند، ئەگەر كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتە روبەڕونەوە، ئەوان پلانیان بۆ بابەتی فریاكەوتن داناوە.

راشیگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ هەردوولا كردووە و هاوكاریان دەبن بۆ ئەوەی كێشەكان نەگاتە هەڵدێر، لەبەر ئەوەی ئەو كاتە باجێكی گەورە دەدەن، هەوڵێكی گەورەیان بۆ هێوركردنەوەی ململانێكە داوە، لە هەردولاشەوە ئاماژەی هێوربونەوەی ململانێكە هەیە.

وتیشی، بارودۆخی عێراق جێگیرە، بۆ ئەمریكییەكانیان رونكردوەتەوە و چاودێریشیان كردووە كە تا ئێستا هیچ جوڵەیەك نەبووە كە هەڕەشەبێت لەسەر لایەنێكی تر، حكومەت پابەندە بە پاراستنی هەموو ئەوانەی لەسەر خاكی عێراق دەژین، ناكرێت عێراق ببێتە جێگایەك بۆ هەڕەشەكردن لەسەر لایەنێكی تر.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا باسیان لە هەڕەشەكان لەسەر ناوچەكە و بابەتی سزاكانی ئێران و هێوركردنەوەی دۆخەكە كردوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باسیان لەناكۆكیەكانی نێوان تاران و واشنتۆن و چۆنیەتی دوورخستنەوەی مەترسیەكان لەسەر عێراق و رۆڵی لە هێوركردنەوەی ململانێكەدا كردووە، لەئێستادا عێراق لایەنێكی سەرەكی گفتوگۆكانە.

238 جار خوێندراوەتەوە