لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی وەک نەریتێکی ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە خوانی بەربانگ بۆ نزیکەی چوار ھەزار کەس ئامادە دەکرێت، زۆربەی ئەو کەسانەشی سوودمەند دەبن لەو خوانە کرێکاری ناوخۆیی و بیانی و رێبواران و ماڵە ھەژارەکانن.
ئامادەکردن و بەخشینی خوانی بەربانگ لەناو مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەو کەسانەی پەنا بۆ مزگەوتەکە دەبەن نەریتێکی کۆنە و بە درێژایی ساڵ بەردەوامی ھەیە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا ئەو نەریتە جیاوازترە و رۆژانە و بۆ کاتی بەربانگ بڕێکی زۆرتری خواردن ئامادە دەکرێت و ژمارەیەکی زۆرتر سوودمەند دەبن لەو خوانە.
ئەوەش وای کردووە لە کاتی ئێواران و نزیکبوونەوەی کاتی بانگدا زۆرترین کەس روو لەم مزگەوتە دیارەی شارەکە بکەن کە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە و یەکەم مزگەوتی شارەکەیە، زۆربەی ئەو کەسانەش کەسانی ھەژار و کرێکار و رێبوارانن کە بەشێکیان خەڵکی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن.
لەناو مزگەوتەکەدا چێشتخانەیەکی گەورەی تێدایە کە بەناوی چێشتخانەی خێرخوازی کاک ئەحمەدی شێخ کراوە، وەک سەرپەرشتیارانی مزگەوتەکەش دەڵێن خەرجی چێشتخانەکە و ئامادەکردنی خوانی بەربانگ لە لایەن خێرخوازانی شارەکەوە دەکرێت.








1694 جار خوێندراوەتەوە