یانەی مانچستەر یونایتد لە یەك كاتدا دوو زەبری گەورەی بەركەوت كاتێك پزیشكەكان دووركەوتنەوەی هەریەكە لە جیسێ لینگارد و ئەنتۆنی مارشیاڵیان راگەیاند.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئۆلی گونار سولشایەری راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد ئاشكرایكرد، لە یاریی رابردووی یانەكە بەرامبەر پاریس سان جێرمان، لینگارد و مارشیاڵ دووچاری پێكان هاتونو هەر بەو هۆیەوە نەیانتوانیوە یارییەكە تەواوبكەنو گۆڕانكاریان پێكراوە.
سولشایەر وتیشی "پشكنینی پزیشكی بۆ هەردوو یاریزانە ئەنجامدراوەو دەركەوتوە كە بەهۆی پێكانی ماسولكەكانی رانیانەوە دەناڵێنن، بۆ چاكبوونەوەش بەلایەنی كەمەوە پێویستیان بە سێ هەفتە پشوو دەبێت.
راهێنەرەكەی مانچستەر یونایتد ئەوەشی ئاشكراكرد، هەردوو یاریزانە لە یاریی داهاتووی یانەكە لە خولی ئینگلتەرا بەرامبەر لیڤەرپوڵ بەشداری ناكەن، بەڵام گەشبینن بەوەی لە یاریی قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی ئینگلتەرا بەرامبەر چێڵسی بگەڕێنەوە.
420 جار خوێندراوەتەوە