تایلەند؛ كچێكی سعودی لە فرۆكەخانەی بانكۆك داوای یارمەتی دەكات

09:25 - 07/01/2019
هەمەڕەنگ

تایلەند؛ كچێكی سعودی بەهۆی مامەڵەی خانەوادەكەیەوە بەرەو ئوسترالیا هەڵدێت
سعودیە هەوڵی قایلكردنی حكومەتی تایلەند دەدات

 

كچێكی تەمەن 18 ساڵی سعودی بەهۆی مامەڵەی توندی خانەوادەكەیەوە وڵاتەكەی جێدەهێڵێ و لە فڕۆكەخانەی بانكۆكی تایلەند رادەگیرێت. پرسی دیپۆرتكردنەوەی ئەم كچە سعودییە بۆ وڵاتەكەی لە ژێر فشاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ئێستادا چاوی میدیاكانی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشاوە و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ داوا دەكەن، كە داوای بەرپرسانی سعودیە بۆ دیپۆرتكردنەوەی رەتبكرێتەوە.

 

رەهف محمد قەنون، ناوی ئەو كچە تەمەن 18 ساڵەیە كە وەك خۆی دەڵێت: بەهۆی مامەڵەی توندی خانەوادەكەیەوە لە سعودیە هەڵهاتووە و بڕیاری داوە بچێتە ئوسترالیا تاكو لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی بكات.

لە میانی گەشتەكەیدا بۆ ئوسترالیا، رەهف لە فڕۆكەخانەی بانكۆكی تایلەند راگیرا و پاسپۆرت و دۆكیۆمێنتەكانی لێوەرگیرا. 

پاشان پێی راگەیەندرا، كە لە رێگەی فرۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی كوەیتەوە رەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێت، كە لەوێ رادەستی باوكی و ئەندامانی دیكەی خانەوادەكەی دەكرێت.

بەهۆی ئەوەی، كە رەهف لە دەست مامەڵەی توندی ئەندامانی خانەوادەكەی سعودیەی جێهێشتووە و نایەوێت بگەرێتەوە، ناوبراو لە ژوورێكی هۆتێلی فڕۆكەخانەی بانكۆك خۆی زیندانكرد و لە رێگەی ئەژماری تایبەت بەخۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە داوای بە هاناوەچوونی لە كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

رەهف محمەد قەنون، دەڵێت: "من ژوورەكەی خۆم جێناهێڵم تاكو چاوم بە نێردراوی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران نەكەوێت، من داوای مافی پەنابەری دەكەم".

بەپێی تویتەكانی رەهف، ناوبراو لەلایەن ئەندامانی خانەوادەكەیەوە لێیدراوە و هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە و جارێكیش بەهۆی بڕینی قژیەوە ناچاركراوە شەش مانگ لە ژوورەكەیدا بمێنێتەوە. پاش هەڵهاتن لە رێگەی هێڵی ئاسمانی كوەیتەوە گەیشتووەتە تایلەندو بڕیاربووە بچێتە ئوسترالیا، بەڵام لە فرۆكەخانەی بانكۆكی تایلەند پاسپۆرتەكەی لێوەرگیراوە و بەرپرسانی تایلەند و سعودیە لە فڕۆكەخانە پێیان راگەیاندووە، ناوبراو رەوانەی كوەیت دەكرێتەوە و لەوێ باوكی و ئەندامانی خانەوادەكەی چاوەڕوانی دەكەن.

دوای ئەوەی رەهف لە رێگەی ئەژمارەكەیەوە ئەم رووداوەی بڵاوكردەوە، پاش كەمتر لە 24 كاتژمێر، بەرپرسی پۆلیسی تایبەت بە كۆچبەرانی تایلەند رایگەیاند: كە ئەوان رەهف بەبێ ویستی خۆی رەوانەی هیچ وڵاتێك ناكەن.

سوراچاتی هاكپارن، بەرپرسی پۆلیسی تایبەت بە كۆچبەرانی تایلەند رایگەیاند: "رەهف لە زەحمەتییەكی زۆر هەڵهاتووە، تایلەند خاكی زەردەخەنەیە. ئێمە هیج كەسێك بۆ مەرگ نانێرین، ئێمە ئەو كارە ناكەین. ئێمە پابەند دەبین بە مافەكانی مرۆڤەوە".

ئەم رووداوەی رەهف بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوویەوە و جێگری بەڕێوەبەری رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە ئاسیا رایگەیاند: كە پێویستە ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان چاویان بە رەهف بكەوێت و دیاریی بكەن كە ئایا ناوبراو پەنابەرە یاخود نا، بەڵام لە گشت حاڵەتێكدا نابێت رەهف رەوانەی سعودیە بكرێتەوە.

فیلیپ رۆبەرتسۆن، جێگری بەڕێوەبەری رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە ئاسیا رایگەیاند: "ئەوەی دەبێت رووبدات ئەوەیە، كە حكومەتی تیالەند رێگە بە نوێنەرانی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بدەن كە رەهف ببینن و بڕیار بدەن لەوەی كە ئەو پەنابەرە یاخود نا. هەروەها دەكرێت پاسپۆرتەكەی بۆ بگێڕدرێتەوە و رێگەی بدرێت كە بچێتە ئوسترالیا، چونكە ئەو خاوەنی ڤیزەی ئوسترالیایە. هەردوو حاڵەتەكە گونجاوە، بەڵام لە هیچ كامیاندا نابێت رێگە بدرێت كە رەهف رەوانەی سعودیە بكرێتەوە".

تاكو ئێستا رەهف لە فرۆكەخانەی بانكۆكە و نازانرێت، كە چارەنوسی بەچی دەگات، هاوكات رەهف لە نوێترین تویتیدا سوپاسی بەرپرسانی فرۆكەخانەی كردووە، كە پاسپۆرتەكەیان بۆ گەڕاندووەتەوە.

لە ئێستاشدا باوكی ناوبراو بۆ گفتوگۆكردنی لەگەڵ بەرپرسانی تایلەند-دا گەیشتووەتە فرۆكەخانەی بانكۆك.

2823 جار خوێندراوەتەوە